سلێمانی بە شانۆ رووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە

ئەمڕۆ شانۆی خەو بە خەوەوە دەبینم لەگەڵ شانۆی رەش و سپی نمایش دەکرێت

+964

پەرستۆ ساڵح – هونەری

لە چوارچێوەی چالاکیەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دوو شانۆیی بە ناونیشانی “خەو بە خەوەوە دەبینم” لەگەڵ “رەش و سپی” نمایش دەکرێت.

وابڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ـی تشرینی دووەم، لە سلێمانی بە شانۆگەری “خەو بە خەوەوە دەبینم” و “رەش و سپی” هەڵمەتی ١٦ـە رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئافرەتان دەستپێ دەکات.

شانۆگەری “خەو بە خەوەوە دەبینم” لە نووسینی محەمەد مەحمودەو دەرهێنەرەکەشی بەرهەم کاکەزاڵە، هەروەها شانۆگەری “رەش و سپی” لە نووسینی کاروان سۆفی و دەرهێنانەکەشی رۆژە حەسەن و کاروان سۆفییە، کە بە هاوکاری بەڕێوبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی نمایش دەکرێت.

ئەگەرچی هەڵمەتی ١٦ـە رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی بڕیارە سبەی هەینی ٢٥ـی تشرینی دووەم بە فەرمی دەستپێ بکات، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ هەردوو شانۆگەرییەکە لەم چوارچێوەیە پێشکەش دەکرێت.

کاروان سۆفی، نووسەرو دەرهێنەری شانۆگەری “رەش و سپی” بۆ +964 قسەی کردووەو دەڵێ؛ شانۆییەکە کارێکی ٢٠ خولەکییە و تایبەتە بە شانۆی سەرشەقام، ناوەڕۆکەکەشی باس لە ئازاری ژن و کوشتنی ژن دەکات، هەروەها کۆمەڵگاش ئاراستە دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان.

زیاتر وتی “وابڕیارە چواری مانگی داهاتوو لە پارێزگای هەڵەبجە، هەروەها هەشتی مانگی داهاتووش لەبەردەم سەرای سلێمانی دووبارە، شانۆییەکە نمایش دەکرێتەوە”.

+964 دەزانێت، شانۆیی “خەو بە خەوەوە دەبینم” لەژێر دروشمی ژنان هەوێنی ئازادی کۆمەڵگەن لەلایەن رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە تەلاری هونەری سلێمانی بەرێوەدەچێت، هەروەها شانۆیی “رەش و سپی” لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی لەلایەن پەیمانگای هونەرە جوانەکانەوە لە پارکی دایک لە سلێمانی نمایش دەکرێت.

٢٥ـی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک، رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانەو هەڵمەتی ١٦ـە رۆژە رادەگەیەندرێت و لەم ماوەیەدا چەندان چالاکی جۆراوجۆر پێشکەش دەکرێت وەک هەوڵێکی هۆشیاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.