بریکارێکی دابەشکردنی خۆراک فۆڕمی بایەعی بەدەستەوەیە _ فۆتۆ: بۆ 964 نێردراوە
لە سلێمانی كارەكانی پەیوەست بە فۆرمی خۆراك راگیراوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ماوەی سێ رۆژە كارەكانی پەیوەست بە فۆڕمی خۆراك لە سلێمانی راگیراوە و ئێستا نە منداڵ زیاد دەکرێت و نە گواستنەوە و بڕینی بایعی مردوو ئەنجام دەدرێت.
یاسین مەحمود، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوڵەی خۆراکی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە بە 964ی راگەیاند، فۆرمی بەشەخۆراكی هاوڵاتیان دەکرێتە ئەلیکترۆنی و پارچە کاغەزەکە نامێنێت، لەبەر ئەوەیە کارەکانیان وەستاوە.
بە وتەی یاسین مەحمود، بەغدا بە نووسراو ئاگاداری کردوون کە کارەکانیان “تا کاتێکی نادیار” رابگرن، بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی فۆڕمی خۆراک.
لە دهۆک و هەولێر بەئەلیکترۆنیکردنی کۆبۆنی خۆراک دەستیپێکردووە و بریکارەکانی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە و فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانی راهێنان دەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ سیستمە نوێیەکە خۆیان بگونجێنن.
لە پارێزگای دهۆک، 50 بنکە کراونەتەوە بۆ ئەوەی کارتی ئەلیکترۆنی پسوڵەی خۆراک بدەن بە هاوڵاتیان، بڕیار بوو ئەمڕۆ پرۆسەی چالاککردنی کارتەکان لەلایەن بنکەکانەوە دەستپێبکات.