ئیدارەی سۆران هەلیکار رادەگەیەنێت

964+

ئاسۆ فەیسەڵ – سۆران

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران فۆرمێکی ئەلیکترۆنی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی هەلیکار بۆ خەڵکی دەڤەرەکەی بدۆزێتەوە، بە وتەی خۆی.

هەژار حەکیم، وتەبێژی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە 964+ی راگەیاند، فۆرمەکە تاوەکو رۆژی ٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ بەردەست دەبێت و خەڵکی دەڤەرەکە دەتوانن پڕی بکەنەوە.

ئەو دەڵێت، ئیدارەی سۆران پێویستی بە کارمەند و هێزی مرۆیی زیاتر هەیە، ئەو هەنگاوەیان بە ئامانجی رەخساندنی هەلیکارە لە فەرمانگە میرییەکان، تەنانەت هەوڵدەدەن سیڤییەکان بدەنە شوێنەکانی کەرتی تایبەت.

لە ئەیلولی ساڵی رابردوو، بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیەندرا، کە لە قەزاکانی سۆران، رواندز، چۆمان و مێرگەسۆر پێکهاتووە.

وتەبێژەکەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، هەموو کەسێک، بە بێ جیاوازی تەمەن و ئاستی خوێندەواریی، دەتوانێت فرۆمەکە پڕبکاتەوە، “پاش تەواوبوونی ماوەی پێشکەشکردن، وردبینیان بۆ دەکەین و بەپێی پێویستی هەلیکاریان بۆ دەڕەخسێندرێت”.

لێرەوە فۆرمەکە پڕبکەوە