دوورکەوتنەوەیە لە پەینی کیمیایی و دەرمان

لە سلێمانی کشتوکاڵکردنی سروشتی دەبووژێندرێتەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە شاری سلێمانی لەسەر رووبەری 500 مەتر زەوی بووژانەوەی کشتوکاڵی سروشتی راگەیەندرا، مەبەست لە کارەکە دوورکەوتنەوەیە لە بەکارهێنانی پەینی کیمیایی و بەهێزکردنەوەی خاکە بۆ دەستخستنی تۆی رەسەن.

پڕۆژەکە لە لایەن دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی جێبەجێدەکرێت.

دەستەکە ماوەی ساڵێکە سەرقاڵی کارەکەیە و سەرەتای ئەم مانگە کردنەوەی باخەکەیان راگەیاند.

بەختیار عەلی، یاریدەدەری جیۆلۆجی لە دەستەی كوردستانی و جێبەجێکاری پڕۆژەکە بە 964ی وت، “پڕۆژەکە بۆ دەستخستنی تۆی سروشتییە بەبێ بەکارهێنانی هیچ جۆرە دەرمانێکی بەهێزکەر”.

کارەکە لە رێگەی بەهێزکردنی خاکەوە دەکەین، زۆر ناکێڵدرێت تا زیندەوەرە بەسوودەکانی لەناونەچن و ئەو بژارەی لەسەر خاکەکەش دەکرێت دەکرێتەوە خۆراک بۆ خاکەکە خۆی. بەختیار عەلی وای وت.

پڕۆژەکە گەڕانەوەیە بۆ کشتوکاڵکردن بە شێوازی کۆن و بەکارنەهێنانی هیچ ئامێر و دەرمانێک تێیدا.

بەختیار عەلی وتیشی، “مەبەستەکە لە سەرەتادا بۆ دەستخستنی تۆی پاک و تەندروستە و لەگەڵ جوتیارانیش لە هەماهەنگیداین بۆ هێنانیان بۆ ناو پڕۆژەکە و گرتنەبەری ئەو رێگەیە بۆ کشتوکاڵکردنیان”.