نرخی باڵانسی مۆبایل دێتەوە شوێنی خۆی
964+
هێمن بەکر – هەولێر
لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، نرخی باڵانسی هێڵەکانی پەیوەندی ئاسیاسێڵ، کۆڕەک و زێن دێتەوە شوێنی خۆی و سەدا ٢٠ی باجی حکومەتی لەسەر هەڵدەگیرێت.
لە ساڵی ٢٠١٥، بەهۆی شەڕی داعش و بارودۆخی ئابووری، حکومەتی ئەوکاتەی عێراق بڕیاریدا سەدا ٢٠ باج بخاتە سەر کارتی باڵانسی کۆمپانیاکانی پەیوەندی.
ئەوە بووە هۆی گرانبوونی کارتی باڵانس، بۆ نمونە، نرخی کارتێکی پێنج هەزاری بووە شەش هەزار و ٢٥٠ دینار، هەزارەکە سەدا ٢٠ی باج دەکات و ٢٥٠ دینارەکەش بۆ بریکارەکان بوو.
رۆژی سێشەممە، ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی بڕیاریدا ئەو باجە لاببات و لە سەرەتای مانگی کانونی یەکەم، نرخی باڵانسەکان کەمببنەوە بۆ نرخەکەی جاران، کە کارتێکی پێنج هەزاری هەر بە پێنج هەزار دینار بوو.
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، کۆڕەک و زێن پێشوازییان لە بڕیارەکە کردووە، هەرسێکیان دەڵێن، ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی.
هاوکات، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆمسیۆنی گەیاندن و راگەیاندن (CMC)ی راسپاردووە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەکە.