10 ساڵە کارکردن تیایدا وەستاوە
هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی پرۆژەی پاڵاوتنی ئاوی دەربەندیخان بەردەوامە
964+
توانا نەقی
هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن لە پرۆژەی پاڵاوتنی ئاوی دەربەندیخان بەردەوامە و لە لایەن ئیدارەی شارەکەوە کار بۆ ئەوە دەکرێت کۆمپانیاکە دەست بە کارکردن بکاتەوە.
قایمقامی دەربەندیخان لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران و هەروەها کۆمپانیای راسپێردراو بۆ تەواو کردنی پرۆژەی پاڵاوتنی ئاو لە شارەکە کۆبووەوە بە مەبەستی تەواو کردنی ئەو پرۆژەیە.
لە ماوەکانی پێشودا چەندین جار هاوڵاتیانی دەربەندیخان خۆپیشاندانی گەورەیان ئەنجامداوە بۆ داواکاری ئاوی پاک و خواردنەوەی قەزاکە و چاککردنی خزمەتگوزارییەکان.
964 دەزانێت کۆمانیای ئۆهیتای تورکی جێبەجێکاری پرۆژەی پاڵاوتنی ئاوی دەربەندیخانە و لە ئێستادا ئەو کێشانەی کە کۆمپانیاکە هەیبووە هەوڵی چارەسەرکردنی دەدرێت.
سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە 964ی راگەیاند، پرۆژەی پاڵاوتنی ئاو گوژمەکەی 19 ملیۆن دۆلارە و 10 ساڵە بە هۆی قەیرانی دارایی و نەدانی پارە بە کۆمپانیا کارکردن تێیدا وەستاوە و لە 50%ی کارەکانیشی تەواو بوون.
وتیشی، ئەوان لەگەڵ نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبوونەتەوە و داوای 10 ملیۆن دۆلاریان کردووە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە و ئەو پارەیەش وەک خیتاب زەمان بخرێتە سەر حسابی خەڵکی دەربەندیخان و ئیدارەی شارەکە.
کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە کۆمپانیایەکی تورکییە و داوای 10 ملیۆن دۆلار دەکات بۆ ئەوەی کارەکانی دەستپێبکاتەوە تا ئێستا لەماوەی کارکردنیدا یەک سلفەی پێدراوە بە بڕی چوار ملیۆن و 500 هەزار دۆلار.
قایمقامی دەربەندیخان ئەوەشی وت، دوای ئەوەی چەندین کۆبوونەوەمان کردووە ئەمڕۆ چوارشەممە جارێکی دیکە لە گەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان و دادەنیشینەوە و بەڵکو هەرچی زووە دەستبکرێتەوە بە پرۆژەکە چونکە داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەروو هاوڵاتیانی دەربەندیخانە و ئێمەش بە تەواوەتی پشتگیرییان دەکەین.