نازدار دواهەمین بەرهەمی لەگەڵ عەمار کوفی بڵاودەکاتەوە

+964

پەرستۆ ساڵح- هونەری

هەردوو هونەرمەند نازدار جەزیری و عەمار کوفی بە زمانی کوردی و عەرەبی دوێتێکی تایبەت بڵاودەکەنەوە بەناونیشانی “ئەشق هات”.

وابڕیارە بەشێوازی راستەوخۆ نازدار جەزیری و عەمار کوفی، سبەی هەینی ٢٥ـی تشرینی دووەم، لەسەر شانۆی “خەڵاتەکانی روانگە فاوندەیشن” دوێتێک بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی پێشکەش بکەن، پاشان بڵاویبکەنەوە بەبێ ئەوەی کلیپی بۆ بکەن.

دەزگای روانگە، لەسەر ماڵپەری خۆیان وەها خۆیان ناساندووە کە دەزگایەکی ناحکومییە و کۆششدەکات بۆ هێنانەدی جیهانێک کە هەموو تاکێک دەستیبگات بە پەروەردەیەکی جۆری، ئامانجی ستراتیژی روانگە بریتیە لە پەرەپێدان بەو سەکۆیانەی کە گەنجان دەتوانن بەهرە و توانای شاراوەی خۆیان تیادا بدۆزنەوە،

نازدار جەزیری تایبەت بە +964 وتی “ئەم کارە دواهەمین کاری من دەبێت بۆ ئەمساڵ، پاشان لە ٢٠٢٣ کاری نوێم دەبێت، ئەم دوێتە دووەمین کارمە بە زمانی عەرەبی و پێشتریش لەگەڵ هونەرمەندی بەناوبانگی عێراقی ماجد موهەندیس کارێکی هاوبەشم هەبووە بە زمانی کوردی و عەرەبی بۆ رێکلامێک، لە پلانمدا هەیە بۆ داهاتوو گۆرانی بە چەندین زمانی دیکە بڵێم”

بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمەی نازادار، لە کاتێکدایە بەر لە دە رۆژ کلیپێکی بۆ رۆژی لەدایکبوونی خۆی بڵاوکردەوە بە ناوی “رۆژبونا من”.