جادووگەرەکە دەبێتەوە سەرۆکوەزیران؟

رۆژێکی یەکلاکەرەوە بۆ ناتەنیاهۆ؛ ئیسرائیل بڕیار لە چارەنووسی دەدات

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

خەڵکی ئیسرائیل سبەینێ گەورەترین بڕیار لە چارەنووسی خۆیان و داهاتووی بنیامین ناتەنیاهۆ دەدەن، کاتێک دەچنە سەر سندوقی دەنگدان بیر لەوە دەکەنەوە بیبی لەسەر دەسەڵات بهێڵنەوە یان نا.

سبەینێ سێشەممە چارەنووسسازترین هەڵبژاردنی گشتیی لە ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت و خەڵکی وڵاتەکە بڕیار لە داهاتووی وڵاتەکەیان دەدەن بۆ دەستنیشانکردنی 120 نوێنەر بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە کە پێی دەڵین کنێست.

دواین راپرسییەکان دەریدەخەن، بردنەوەی پارتەکەی ناتەنیاهۆ یان هاوپەیمانێتییەکەی بە تەنیا قورسە و دەبێت پارتی دیکە یارمەتی بدەن تا ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران.

کێ کێبڕکێ دەکات؟

ئەم هەڵبژاردنە یەکەمین هەڵبژاردنە لەدوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری 2023 کە بووە گەورەترین شکستی ئەمنیی لە مێژووی ئیسرائیلدا، هەروەها ئەو جەنگانەی کە دوای هێرشەکە روویاندا لە غەزە، لوبنان و ئێران.

هەڵبژاردنی ئیسرائیل جیاوازە و خەڵک ناتوانێت راستەوخۆ سەرۆکوەزیران هەڵبژێرێت، بەڵکو دەبێت دەنگ بە لیستی پارتەکان بدات.

نزیکەی 36 لیست خۆیان تۆمارکردووە، بەڵام تەنها ئەوانە دەچنە پەرلەمانەوە کە رێژەی 3.25%ـی دەنگەکان بەدەستبهێنن.

بەپێی راپرسییەکان، 11 بۆ 13 پارت زیاتر لەو رێژەیە بەدەستدەهێنن و نوێنەریان لە پەرلەمان دەبێت.

دوو گەورەترین پارت، پارتی لیکودی بنیامین ناتەنیاهۆ و پارتی یەشاری گادی ئایزنکۆتە کە رکابەری سەرەکی ناتەنیاهۆیە.

دواین راپرسی کەناڵ 12ـی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، پارتەکەی گادی ئایزنکۆت 23 کورسی بەدەستدەهێنێت و پارتەکەی ناتەنیاهۆش 21 کورسی دەباتەوە.

کەناڵ 14ـی ئیسرائیل کە نزیکە لە سەرۆکوەزیرانەوە، راپرسییەکەی دەریخستووە پارتی لیکود 30 کورسی دەباتەوە و پارتی یەشاریش 20 کورسی.

لە راپرسییەکی دیکەشدا کە هەردوو کاندید رووبەڕوو دیاریکراون بۆ هەڵبژاردن، ئایزنکۆت کەمێک لە پێش ناتەنیاهۆوەیە.

گادی ئایزنکۆت، رکابەری سەرەکی ناتەنیاهۆ و سەرۆکی پارتی یەشار

گادی ئایزنکۆت، رکابەری سەرەکی ناتەنیاهۆ و سەرۆکی پارتی یەشار

بەڵام دەرچوون لە هەڵبژاردنەکان وەک گەورەترین پارت مانای ئەوە نییە براوە بیت، چونکە سەرۆکوەزیران پێویستی بە 61 کورسییە بۆ پێکهێنانی حکومەت و هیچ پارتێک تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو ژمارەی کورسییە بە تەنیا کۆبکاتەوە، بۆیە شەوی هەڵبژاردن شتێکی وا یەکلایی ناکاتەوە و پێشبڕکێی سەرەکی دوای هەڵبژاردن دەستپێدەکات، کە بریتییە لە پێکهێنانی هاوپەیمانیی لەگەڵ پارتەکانی دیکە.

زۆربەی راپرسییەکان هاوپەیمانێتییەکەی نەتانیاهۆیان لە پێشەوە دانەوە کە پێکهاتووە لە پارتی لیکود، پارتەکەی بیزالێل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل، ئیتامیر بێن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل و دوو پارتی دیکەن کە لەنێوان 49 بۆ 55 کورسییان بۆ دانراوە، ئەمەش هێشتا ناگەتە 61 کورسییەکە.

بەرەی ئۆپۆزسیۆن، کە لەسەر کاغەز بەهێزترن، بەشێوەیەک لە شێوەکان پەرتەوازەن. ئایزنکۆت هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەکەی نەفتەلی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی پێشوو و ئەڤیگدۆر لیبەرمان، وەزیری پێشووتری بەرگریی و پارتی دیموکراتەکان بە سەرکردایەتی یائیر گۆلان هەیە.

بینێت و لیبەرمان هیشتا پشتگیری خۆیان بۆ ئایزنکۆت دەرنەبڕیووە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیران چونکە هەردووکیان چاویان لە کورسی سەرۆکوەزیرانە.

سی ئێن ئێن دەڵێت، بەپێی زۆربەی راپرسییەکان، بۆ پێکهێنانی هەر حکومتێک پێویست بە پشتگیری یان دەنگنەدانی پارتە عەرەبییەکان هەیە.

لەکاتێکدا دیار نییە زۆرینە چۆن پێکدێت، رەنگە بنبەست، حکومەتێکی کەمینە، حکومتێکی یەکگرتوو، یان حکومەتێکی بنکەفراوان، یاخود دیسان ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن ببنە ئەگەرێک.

ئیسرائیلییەکان کێ هەڵدەبژێرن؟

نزیکەی حەوت ملیۆن کەس لە ئیسرائیل مافی دەنگدانیان هەیە و زۆربەی میدیا جیهانییەکان دەڵێن، نزیکەی 70 هەزار ئیسرائیلی لە وڵاتە جیاوازەکانەوە هاتوونەتەوە بۆ وڵاتەکە تا رۆژی سێشەممە دەنگ بدەن.

جەنگی غەزە و جەنگەکانی دیکە کە بەدوایدا هاتن یەکلاکەروە دەبن بۆ هەڵبژاردنی ئەو پارتەی ئیسرائیلییەکان بە شایەنی دەزانن حکومەتی پێ بسپێرن.

لەلایەک ناتەنیاهۆ هەیە، کە لە ساڵی 2009ـەوە ماوە ماوە لە دەسەڵاتدایە و بووەتە رووخساری ئیسرائیل لە دەرەوە و رەمزی پەرتەوازەییش لە ناوخۆی وڵات.

ئەوانەی پشتگیری دەکەن بە “پاشا بیبی” ناوی دەبەن و وەک سەرکردەیەکی بەهێز دەیبینن کە وەک خۆیان دەڵێن: ئیسرائیل پێویستییەتی تاوەکو لە هەرێمێکی ناسەقامگیر بەرگریی لەخۆی بکات.

بەڵام ناتنیاهۆ لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە لەسەر تاوانی جەنگ لە غەزە داواکراوە و هەروەها یەکەم سەرکوەزیرانیشە لە ناوخۆی وڵات بەتۆمەتی گەندەڵی دادگایی کراوە، بۆیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە ناتەنیاهۆ شەڕ بۆ ژیانی سیاسیی خۆی دەکات.

میدیاکانی ئیسرائیل بە تۆمەتباری سەرەکی شکستی 7ـی ئۆکتۆبەری دەبینن بەهۆی ئەوەی چەندین راپۆرتییان لەسەر بڵاوکردووەتەوە کە پێشتر لەلایەن ئیمارات و چەند وڵاتێکی دیکە لەبارەی هێرشێکی گەورە ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام پشتگوێی خستووە و سوپای نەخستووەتە ئامادەباشییەوە.

بەڵام نەتانیاهۆ لە ژیانی سیاسی ئیسرائیلدا بە جادووگەر ناسراوە بەهۆی ئەوەی لە چەندین هەڵبژاردندا کە چاوەڕیی شکستی لێکراوە، بردنەوەی گەورەی بەدەستهێناوە و لە تەڵە سیاسییە مەحاڵەکان رزگاری بووە.

لەلایەکی دیکەوە، جەنگ چیرۆک و سەرگوزەشتەی رکابەرە سەرەکییەکەی نانتەنیاهۆی گۆڕیوە چونکە ئایزنکۆت کوڕێکی بەناوی گاڵ کە تەمەنی 25 ساڵ بوو لە جەنگی غەزەدا کوژرا.

ئایزنکۆت ئەم هەستی لەدەستدانەی قۆستووەتەوە و کردوویەتی بە مەکینەی سەرەکی کەمپینی هەڵبژاردنەکەی تاوەکو دەنگدەران بەلای خۆیدا رابکیشێت.

ئایزنکۆت پێشتر سەرۆکئەرکانی سوپا بووە، تەمەنی 66 ساڵە و بە رەچەڵەک مەغریبییە، خۆی وەک کەسێکی سیاسی، سەربازی، ئەمنی دەردەخات هەوادارانی دەڵێن، قوربانیدانی خێزانەکەی رێک پێچەوانەی مێژووی سیاسیی ناتەنیاهۆیە کە چەندین ساڵە لە دەسەڵاتدایە و چەندین دۆسیەی گەندەڵی لەسەرە.