964 سپۆنسەری دەکات
دووەمین پێشبڕکێی بیرکاری لە زانکۆی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت
964+
فەرمان سادق
بە بەشداری 80 خوێندکار دووەم پێشبڕکێی بیرکاری و کۆمپیوتەر لە زانکۆی هەڵەبجە ئەنجامدەدرێت.
پێشبڕکێی زانستی بیرکاری، ئەمە ساڵی دووەمە لە زانکۆی هەڵەبجە ئەنجامدەدرێت و بۆ ئەمساڵ وێڕای ئەوەی دەزگای میدیایی 964 سپۆنسەری پێشبڕکێیەکەیە، داوەتنامە بۆ چەند زانکۆیەیەکی دیکەش نێردراوە بە مەبەستی فراوانکردنی پێشبڕکییەکە.
ئامانج لە فراوانبوونەکەی ئەوەیە لە داهاتوودا بکرێت بە مۆندیالی بیرکاری هاوشێوەی وڵاتانی دیکە، کە پێشتر زانای بیرکاری کورد، کۆچەر بیرکار لە مۆندیالی بیرکاریدا دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسا تواناکانی نیشانی دونیا بدات.
سبەی چوارشەممە 10.5.2023، بە بەشداری خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە قۆناغی یەکەم پێشبڕکێیەکە دەستپێ دەکات و باشترین شەش تیپ دەچنە قۆناغی دووەم کە یەکشەممەی داهاتوو دەستپێ دەکات.
باوەڕ محەمەد، سەرپەرشتاری پێشبڕکێیەکە بە 964ـی وت، لەو شەش تیپە سێیان دەچنە قۆناغی کۆتایی کە 17ـی ئەم مانگە دەستپێ دەکات و یەکەم و دووەم و سێیەم دەستنیشان دەکرێن.
دەشڵێت: داوەتنامە بۆ دوو زانکۆی دیکە نێردراوە، چاوەڕێین وەڵام بدەنەوە، چونکە قۆناغی یەکەم لەسەر ئاستی زانکۆی هەڵەبجە دەبێت و قۆناغی دووەم لەسەر ئاستی زانکۆکان دەبێت.
سەرپەرشتیاری پێشبڕکێیەکە باس لە گرنگی وەها پێشبڕکێیەک دەکات و ئاماژە بە دەرکەوتنی زانای کورد کۆچەر بیرکار دەکات و دەڵێت: وەها پێشبڕکێیەک دەرفەت بە دەرکەوتنی خوێندکارانی بیرکاری کورد دەدات.
وتیشی “هەوڵدەدەین لەگەڵ زانکۆ جیهانییەکان گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی لێرەش مۆندیالی بیرکاری ئەنجامبدرێت”.