400 ملیارەکە گەیشت و دیار نییە کەی موچە دابەش دەکرێت

964+

فەرمان سادق

حکومەتی عێراق 400 ملیار دینارەکەی نارد و وەزارەتی داراییش دەڵێت: کورتهێنانمان هەیە و هێشتا دیار نییە کەی موچە دابەش دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 9.5.2023، حکومەتی عێراق بڕیاری لەسەر ناردنی 400 ملیار دینارەکە داوە و لەڕێگای بانکی رەشید و رافیدەین لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق خستییەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان. 

لەگەڵ ئەوەی 400 ملیارەکە گەیشتووە، بەڵام وەزارەتی دارایی هێشتا لیستی موچەی رانەگەیاندووە و بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتەکەش دەڵێت، 340 ملیار دینار کورتهێنان هەیە، دەبێت ئەمە چارەسەر بکرێت.

هونەر جەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارتی دارایی بە 964ـی وت، پێشتر مانگانە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان 740 ملیار دیناری دەخستەسەر حیسابی وەزارەتی دارایی، لەگەڵ 200 ملیارەکەی داهاتی ناوخۆ موچەی فەرمانبەرانی پی دەدرا، بەڵام ئەم مانگە هیچی نەناردووە.

دەشڵێت: 200 ملیاری داهاتی ناوخۆ کە داهاتی پارێزگاکانە هەر لەوێ کۆدەکرێنەوە و تەمویلی موچەی فەرمانبەرانی پێ دەکرێت، 400 ملیارەکەی بەغداش گەیشتووە، هەمووی بەیەکەوە دەکاتە 600 ملیار دینار بەمەش 340 ملیار دینار کورتهێنان هەیە کە پێویست دەکات چارەسەر بکرێت.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دارایی ئەوەش دەڵێت کە لەسەر ئەو پرسە وەزیری دارایی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی بڕیارێکی لێ بدەن.