لە 15 رۆژدا بەهای دۆلار 4250 دینار هەڵکشاوە

964+

فەرمان سادق

لەماوەی 15 رۆژدا بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراق چوار هەزار و 250 دینار هەڵکشاوە، یەکێک لە هۆکارەکانیش بە قسەی دۆلارفرۆشان بێت کەمی خستنەڕووی دۆلارە لەلایەن بانکی ناوەندی.

لە 25.4.2023 تاوەکو ئەمڕۆ کە دەکاتە 15 رۆژ، بانکی ناوەندی ملیاریک و 930 ملیۆن و 835 هەزار و 985 دۆلاری فرۆشتووە، لەم بڕەدا تەنیا 390 ملیۆن و 700 هەزار دۆلاری بۆ بازاڕ بووە و ئەوەی دیکەش کە ملیارێک و 539 ملیۆن و 135 هەزار و 985 دۆلارە، وەک حەواڵە رەوانەی دەرەوەی عێراق کراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 9.5.2023، بانکی ناوەندی 206 ملیۆن و 568 هەزار دۆلاری خستە بازاڕەوە، لەم بڕەدا تەنیا 57 ملیۆن و 800 هەزار دۆلاری بۆ ناو بازاڕ بوو، ئەوەی تر کە 148 ملیۆن و 768 هەزار دۆلارە، وەک حەواڵە رەوانەی دەرەوەی عێراق دەکرێت.

لە 25.4.2023، بەهای 100 دۆلار 141،000 دینار بووە، بەڵام ئەمڕۆ 145،250 دینارە، بەمەش دەردەکەوێت لەماوەی ئەو 15 رۆژەدا هەر 100 دۆلارێک چوار هەزار و 250 دیناری چووەتە سەر.

کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دۆلاری هەولێر بە 964ـی وت، دیارترین هۆکاری هەڵکشانی بەهای دۆلار کەمی خستنەڕووی دۆلارە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە.