هیچ گەڕەکێکی هەولێر چۆڵ نەکراوە

964+

هێمن بەکر – ساغکردنەوە

شەوی رابردوو، دەنگۆی چۆڵکردنی گەڕەکێک بەهۆی بۆنی غاز بڵاوکرایەوە لە هەولێر، بەڵام بەرگری شارستانی شارەکە رەتیدەکاتەوە ئەو دەنگۆیە راستی تێدا بێت.

دەنگۆکە بە جۆرێک بوو، گوایە بۆنێکی زۆری غازی شلی ماڵان لە گەڕەکی خانزاد لە هەولێر بڵاوبووەتەوە، دانیشتووانەکەی ترس و دڵەڕاوکێیان هەبووە و چۆڵیان کردووە.

بۆ ئەو مەبەستە، 964+ پەیوەندی کرد بە سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، ئەو بە تەواوەتی رەتیکردەوە.

سەرکەوت کاڕەش وتی، ماڵێک لە گەڕەکی خانزاد سیستمی شۆڤاژەکەیان لابردووە لە رێگەی هەمان ئەو کۆمپانیایە بۆی دروستکردوون، لە کاتی بەتاڵکردنی تانکی غازەکە، کەمێک بۆن بڵاوبووەتەوە، بەڵام گەڕەک چۆڵنەکراوە.

لە دوای ئەو رووداوانەی لە سلێمانی و دهۆک روویاندا بەهۆی تەقینەوەی غازی شلەوە، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە گشتیی تووشی دڵەڕاوکێ هاتوون.

لەو دوو رووداوەدا، ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ٤٩ کەسی دیکە بریندار بوون.

وتەبێژی بەرگری شارستانی ئاماژەی بەوەکرد، کە هەر شەوی رابردوو تیمەکانیان ناردووەتە ماڵەکەی گەڕەکی خانزاد و سەرپەرشتی بەتاڵکردنی تانکییەکەیان کردووە تاوەکو سیستمی غازەکە هەڵگیراوەتەوە، هەروەها خەڵکەکەیان ئارام کردووەتەوە.