قالەش شکێندرا

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

پەیکەرشکاندن لە چەمچەماڵ حاڵەتێکی بەرچاوە، لە ٢٠١٦ تاوەکو ئێستا حەوت پەیکەری دیار شکێندراون، یەکێکیان ئەوەی قالەیە، کە بە پاڵەوانەکەی پرۆسەی ئەنفال ناسراوە.

عەبدولقادر محەمەد، ناسراو بە قالە، لەناو خەڵکدا بە پاڵەوانی رزگارکردنی گیانی سەدان هاوڵاتی لە پڕۆسەی ئەنفالی چەمچەماڵدا ناسراوە، بەڵام مانگێک دەبێت پەیکەرەکەی شکێندراوە، هاوشێوەی چەندین پەیکەری دیکە لە شارەکەدا.

لەوبارەیەوە، عەبدولڕەحمان سدیق، هاوڕێی قالە بە 964+ی وت، “قالە بۆهەمیشە لەهزری چەمچەماڵیەکاندا دەمێنێتەوە، بەڵام بەداخەوە بۆ شکاندن و شێواندنی پەیکەرەکەی، خۆزگە لەبری شێواندنی پەیکەرەکەی خوێندنگایەک یاخود شەقامێک بەناوی بکرایە”.

هەر تەنیا پەیکەری قالە نییە کە شکێندراوە، بەڵکو پەیکەری ژن، کە گوزارشت لە ئازارەکانی ژن دەکات، پەیکەری گەرمیان، کوڕە منداڵە کوژراوەکەی خۆپیشاندانەکانی چەمچەماڵ، پەیکەری عەبدوڵا ئۆجەلان، پەیکەری فەقێ قادری هەمەوەندی شاعیر، پەیکەری پێشمەرگە، پەیکەری عەبدولڕەحمان پاشای بابان، شکێندراون.

هەڵوێست نەریمان، شانۆکارە لە قەزای چەمچەماڵ، لەبارەی شکاندنی پەیکەری ئازاری ژن بۆ 964+ی باسکرد، “بوونی پەیکەر و کاری هونەری شارستانی وڵاتێک دەسەلمێنێت، شکاندنی شارستانی مەترسیدارە و دەبێت رووبەڕووی ببینەوە”.

لەسەر شکاندن و سوتاندنی پەیکەرەکانی سنوری چەمچەماڵ، محمد ئەحمەد، لێپرسراوی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری چەمچەماڵ قسەی بۆ کردین، ئەو وتی، “ئێمە دەسەڵاتی پاراستن و چاککردنی پەیکەرەکانمان نییە، بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە لەسەر شکاندنی پەیکەرەکان”.