له‌ نوێترین رێككه‌وتنى نێوان هەولێر و بەغدا

چاره‌سه‌رى پڕۆژه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانى هه‌رێم ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

هه‌ردوو وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى عێراق و هه‌رێم، بڕیاریان دا، كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى پڕۆژه‌ په‌له‌وه‌ری و سه‌ربڕخانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شیان راسپاردووه‌، بە خێرایی كار له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌ بكات.

به‌ پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى هه‌رێم، لە کۆبوونەوەیەکی نێوان بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، كه‌ رۆژى 7.5.2023 ئه‌نجامدراوه‌، رێکەوتن لە نێوان هەردولا کرا و بڕیاریش دراوه‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى پڕۆژه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان بكرێت.

به‌ پێی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌، چارەسەکردنی کێشە و داواکاری پڕۆژە پەلەوەرییەکان و سەربڕخانەکانی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنی بەروبوومەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بڕیاردرا بە خێرایی لیژنەیەکی هونەری له‌ نێوان هه‌ردوولادا پێکبهێنرێت و نوێنه‌رى خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکانیش به‌شداربێت.

باس له‌وه‌ش كراوه‌،‌ پێویسته‌ لە ماوەی هەفتەیه‌كدا پێشنیار و رێگەچارەی گونجاو بۆ چۆنیەتی هەناردنی بەروبومی مریشک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوەڕاست و خواروی عێراق یەکلابکرێتەوە.

هه‌ر به‌ پێی بڕیاره‌كه‌ى نێوان هه‌ردوولا، هه‌نارده‌كردنى به‌رهه‌مه‌كانى هه‌رێم بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە رەچاوکردنی هاوسەنگی نرخ و چەندیەتی هەناردەکردن و دابینکردنی پێویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ده‌بێت.