هەرێم داوای شیر و چای بایەعی لە بەغدا دەکات
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
وەزارەتی بازرگانی هەرێم نوسراوی ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی کردووە بۆ ئەوەی دوو ماددەی دیکەی بەشەخۆراک، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بدرێت بە کوردستانیش.
شەوکەت محەمەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی بە 964ی راگەیاند، داوامان کردووە شیر و چا بۆ بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان زیاد بکرێت.
“لە پارێزگاکانی عێراق شیر و چا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش کراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو دوو مادەیە لە بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراون”، شەوکەت محەمەد وای وت.
بە وتەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی، هاتنی زەیت و شەکریش دواکەوتووە و چاوەڕێن بەغدا ئەو دوو مادەیەش بنێرێت.
پێشتر لە سەرەتای ئەم مانگەدا، یەکەم کاروانی ئەو هێلکەیەی بڕیاربوو لە بەشەخۆراکی مانگی رەمەزاندا دابەش بکرێت، گەیشتە هەرێم و بەسەر زۆربەی بریکارەکاندا دابەشکراوە.