دوێنێ شەو چی روویدا؟

لە تەقینەوەکەی بەسڕەوە تا پێشهاتەکانی جورف سەخر و ئەمریکا و ئێران

پەری ساڵح

لە هەموو لایەکەوە مەگەڕێن بۆ ئەوەی روویداوە؛ ئێمە بە کورت و پوختی بۆتان باس دەکەین:

📌دوای یەکسانبوونی یارییەکەی شەوی رابردووی نێوان دهۆک و هەولێر بە گۆڵێک بۆ هەردوولا، شەڕ و ئاژاوە دروستبوو و ژمارەیەک هاندەری هەولێر لەلایەن هاندەرانی دهۆکەوە هێرشیان کرایە سەر و بریندار کران؛ لەسەر ئەم رووداوەش، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر پەیوەندی بە هاوتا دهۆکییەکەیەوە کردووە و بەڵێن دراوە هەر کەسێک ئاژاوەی نابێتەوە رووبەڕووی یاسا بکرێتەوە.

📌قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند؛ لە ئەمڕۆوە دابەشکردنی غاز لە وێستگەکانی سلێمانی بۆ غازی ئۆتۆمبێل و غازی ماڵان (بتڵ) جیادەکرێتەوە، بەشی یەکەم، تەنیا غازی ئۆتۆمبێل چوار وێستگە و بەشی دووەم، تەنیا غازی ماڵان / بتڵ (7 وێستگە).

📌بەرەبەیانی ئەمڕۆ؛ لە بەسرە بۆرییەکی غاز لە وێستگەی کارەبای هارسە تەقییەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 4 کەس و برینداربوونی چەندانی دیکە، بەهۆی ئاگرەکەوە زیان بەر ژمارەیەک ماڵ و ئۆتۆمبێلی نزیک وێستگەکە کەوتووە و بەرگریی شارستانیش دەڵێت کۆنترۆڵ کراوە.

📌لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە، قۆناغ بە قۆناغ رێگاکانی جورف سەخر دەکرێنەوە کە ماوەی 12 ساڵە گروپە چەکدارەکان ناهێڵن خەڵکی ئاسایی هاتوچۆی تێدا بکات

📌سەعد مەعن سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند؛ پڕۆسەکە بە شێوەیەکی قۆناغبەندی بەڕێوەدەچێت و ئەمڕۆش شەممە رێگای سەرەکیی نێوان ناحیەکە و کەربەلا دەکرێتەوە؛ ئەم هەنگاوانەش دوای ئاشکرابوونی دۆسیەی کونکردنی بۆرییە نەوتییەکان و راگەیەندراوەکەی ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حز*بو*ڵڵا دێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی کەناڵە تایبەتەکانەوە.

📌عەلی زەیدی: لە جورف سەخرەوە سەرەتای سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا دەستپێدەکات

📌عێراقچی: یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە هێڵی سوورە و لە وڵات ناچێتەوە دەرەوە، بۆ کردنەوەی گەرووی هورمزیش، دەبێ ئەمریکا هەر حەوت مەرجەکەمان قبوڵ بکات.

📌عێراقچی: تاران هێشتا هیوای لەسەر دیپلۆماسیەت هەڵچنیوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوامە.

📌عێراقچی:هیچ وەڵامێکی ئەمریکیمان بۆ پێشنیازە دوو رۆژییەکە پێنەگەیشتووە؛ ئەگەر واشنتن جددییە لە گەیشتن بە رێککەوتن، دەبێت هەڵوێستی خۆی راست بکاتەوە.

📌 سوپای پاسداران: لە چەند کاتژمێری رابردوودا درۆنێکی ئەمریکا لە جۆری MQ9 لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە لە سەر ئاسمانی گەرووی هورمز تێکشکێنراوە و ئەوەش 58ـەمین درۆنی لەو جۆرەیە کە لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەوە خراوەتە خوارەوە.

📌تڕەمپ: سەرۆکوەزیرانی عێراق پیاوێکی باش و بەهێزە و پێم وایە کاتێک بڕیاری شتێک بدات، دەتوانێت جێبەجێی بکات

📌ترەمپ: ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ ئەوان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، بەڵام رێککەوتنێکیان ناوێت کە بۆ من پەسەند بێت، ئێمە رێککەوتنێکی راستەقینەمان دەوێت، نرخەکانی سووتەمەنیش بەندە بە چۆنیەتیی یەکلاکردنەوەی کێشەکانمان لەگەڵ ئێران، لە ئێستاشدا نرخی نەوت دابەزینێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و زیاتریش دادەبەزێت.

📌ترەمپ: گفتوگۆی زۆر باش سەبارەت بە ئۆکرانیا دەکەین و دەرفەتێکی باش هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام نامەوێت باس لە گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا بکەم، چونکە هێشتا نەگەیشتووینەتە رێککەوتن، پۆتینیش خواستی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دەربڕیوە و پەیوەندییەکانم لەگەڵ شی جینپینگ و پوتن لە کۆبوونەوەی لووتکەی چین “نایاب” بوو.

📌ترەمپ: دەبێت کەمترین رێژەی سوودی بانکیمان لە جیهاندا هەبێت، ئێستا سوودی بانکی زۆر بەرزە بەهۆی لایەنگریی سیاسیی بانکی فیدراڵییەوە، هەروەها دوای گەشتەکەم بۆ ئاسیا، بەمزووانە 10 رێککەوتنی بازرگانیی دیکە واژۆ دەکرێن، و سزای توندیش بەسەر ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەدا دەسەپێنم کە سەنتەری داتا لە دەرەوەی وڵات دروست دەکەن.

📌وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا: سزامان بەسەر 4 کەسایەتیی ئێرانیدا سەپاند کە داهاتی فرۆشتنی نەوتیان لە دەرەوە وەرگرتووە بە مەبەستی خۆدزینەوە لە سزاکانی پێشوو.

📌تۆڕی ئێن بی سی: وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا رووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بووەتەوە و بووەتە هۆی لەکارکەوتنی ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییانەی بەرپرسن لە پێدانی پارەی جووتیاران.

📌سی ئێن ئێن: نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) لێکۆڵینەوە لە هاککردنی بنکەی زانیارییە تاوانکارییەکان لەسەر ئاستی سەرتاسەری وڵات دەکات.

📌دەسەڵاتدارانی سعودیە تێکشکاندن و خستنەخوارەوەی سێ مووشەکی بالیستییان راگەیاند؛ کە لەلایەن حو*سییە*کانەوە ئاراستەی شاری ریاز کرابوون، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە دەنگی دوو تەقینەوە لە ریاز بیستراوە و بەرگریی شارستانیی سعودیەش زەنگی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بۆ هۆشداریدان لە مەترسی لە هەردوو ناوچەی ریاز و سەلیل لێدابوو.

📌 سەنتەری چاودێریی بوومەلەرزە لە پیرۆ بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6.7 پلە بە پێوەری رێختەر ناوەڕاستی وڵاتەکەی هەژاندووە، لە دووری 22 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای ناوچەی “ئۆندۆریس” لە هەرێمی “جۆنین”.

📌واشنتن پۆست: پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان ئەمریکا و کەنەدادا سەپاندووە.

📌وەزارەتی بەرگری روسیا؛ بە درۆن هێرشمان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی وزە و ئەو کەشتییانەی خزمەت بە هێزەکانی ئۆکرانیا دەکەن.