هه‌ولێر و نه‌فت ده‌یانه‌وێت ژماره‌ 14 یه‌كلابكه‌نه‌وه‌

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

له‌ خولی نایابی عێراقدا یانه‌ی هه‌ولێر له‌ به‌غدا رووبه‌ڕووی یانه‌ی نه‌فت ده‌بێته‌وه‌، تیپه‌كه‌ی قه‌ڵا و مناره‌ ئاماده‌یه‌ و به‌ ئامانجی بردنه‌وه‌ یاریی ده‌كات، ژماره‌ 14یش هاوبه‌شییه‌كی نێوان هه‌ردوو یانه‌یه‌ و ئه‌مڕۆ یه‌كلاده‌بێته‌وه‌.

یارییه‌كه‌ ئه‌مڕۆ كاتژمێر 04:30 له‌ یاریگه‌ی شه‌عب له‌ گه‌ڕی 27ی خولی نایاب به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

یانه‌ی هه‌ولێر دوێنێ ئێواره‌ دوایه‌كه‌ی مه‌شقی خۆی بۆ یارییه‌كه‌ له‌ یاریگه‌ی “ساحر ئه‌حمه‌د رازی – یاریگه‌ی كه‌رخ” ئه‌نجام دا و تیپه‌كه‌ ئاماده‌یه‌.

یانه‌ی هه‌ولێر ئێستا له‌ پله‌ی 12یه‌ و 35 خاڵی هه‌یه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی نه‌فت له‌ پله‌ی 18یه‌ و 21 خاڵی هه‌یه‌.

له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا یانه‌ی هه‌ولێر به‌ ئه‌نجامی 2-0 گۆڵ له‌ یانه‌ی نه‌فتی برده‌وه‌، كه‌ هیلیۆ مۆنتێرۆ و ئه‌مجه‌د رازی گۆڵه‌كانیان تۆمار كرد.

یانه‌ی هه‌ولێر له‌وه‌ته‌ی عه‌باس عوبێد بووه‌ته‌ راهێنه‌ری، ئه‌نجامه‌كانی باش بووه‌ و له‌ كۆی هه‌شت یاریی رابردوودا ته‌نیا به‌ یانه‌ی شوڕته‌ دۆڕاوه‌، شه‌ش بردنه‌وه‌ و یه‌ك یه‌كسانبوونی هه‌بووه‌.

به‌ پێی ئاماره‌كانی تۆمار كراو له‌ راگه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێر، هه‌ولێر و نه‌فت پێشتر 42 یارییان به‌یه‌كه‌وه‌ كردووه‌، 14 بردنه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر و 14 بردنه‌وه‌ بۆ نه‌فت، له‌ 14 یارییشدا یه‌كسانبوون، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت یاریی ئه‌مڕۆ ئه‌و ژماره‌یه‌ بگۆڕێت.