ئاکۆ لە پاڵەوانیەتی جیهان یەکەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا

964+
یادگار محەمەد – سلێمانی

ئاکۆ بەهادینی پاڵەوانی کورد، لە دەستپێکی پاڵەوانیەتی جیهان یەکەم سەرکەوتنی تۆمارکرد.
بە بەشداری 96 وڵات لە تایلەند، رکابەرییەکانی پاڵەوانیەتی موای تای جیهان بۆ ئاستی هەڵبژاردەکانی خوار تەمەن 23 ساڵی دەستی پێکرد، هەڵبژاردەی موای تای عێراق کە تەنیا یەک پاڵەوانی کورد لە ریزەکانیدا هەیە یەکێکە لە هەڵبژاردە بەشداربووەکان.
لە یەکەم رۆژی رکابەرییەکانی ئەو پاڵەوانیەتییەدا، ئاکۆ بەهادین لە کێشی 48 کغم دا رووبەڕووی ئەمۆرلین توگۆرڤی پاڵەوانی روسی بووەوە، دوای ململانێیەکی بەهێز دواجار پاڵەوانە کوردەکە لە جەولەی سێیەم توانی بە لێدانی یەکلایی کەرەوە سەرکەوتن تۆماربکات.
سیروان مینە، راهێنەری ئاکۆ بەهادین لە لێدوانێکدا بە تۆری 964ی وت، ئاکۆ ئامادەکارییەکی باشی بۆ ئەم پاڵەوانیەتییە کردووە، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە نێو شەش پاڵەوانی کورد ئەم یاریزانەی دەستنیشانکرد تاوەکو بەشداری پاڵەوانیەتییەکە بکات، ئەویش بەهۆکاری ئەوەی کە ئاکۆ لە کێشی خۆیدا ئاستێکی بەرزی هەیە.
پاڵەوانیەتی جیهانی موای تای لە رۆژی 4 ـی ئەم مانگەوە رکابەرییەکانی لە ووڵاتی تایلەند دەستی پێکردووە و بڕیاریشە تا 13 ـی هەمان مانگ بەردەوام بێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی