50 ماڵى گوندی کەونەباک ساڵێکە بێئاون

964+

زەید کۆچەر- بەردەڕەش

گەڕەکێکی گوندی کەونەباک، کە ژمارەی ماڵەکانى نزیکەی 50 ماڵ دەبێت ساڵێکە به‌هۆى کەمی و نەبوونی ئاو دەناڵێنن، بەرێوەبەری ئاوی بەردەڕەشیش ده‌ڵێت، مانگێكى دیکە كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

ئەیاد زێدان نوری ، خەڵکی گه‌ڕه‌كێکی گوندی کەونەباکە، بۆ 964ـی وتى “نزیکەی 50 ماڵ دەبین، لە مانگى شه‌شى پارساڵەوە بیرەکەمان وشکبووه‌ و ئاومان نەماوه‌”.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، دوای چەندینجار داواکارییان گەیاندووه‌تە لایەنی پەیوەندیدار، بەڵام ده‌ڵێت “هیچ وەڵامیان نەبووه‌”.

به‌ قسه‌ى ئەو، لە لایەن بەرێوه‌بەرایەتیی ئاوی بەردەڕەش بە شێوه‌یه‌کی کاتی لە بیرێکی دیکەوە ئاویان ده‌درایێ، بەڵام ئێستا خاوەن بیرەکە و خەڵکەکەی ناڕازین و دەڵێن ئاوەکە بەشی خۆیان ناکات .

964 دەزانێت بەهۆی ئەم کێشەیەوە چەندین ماڵی ئەم گەڕەکە، رۆژانە ئاوی خواردنەوە دەکڕن بۆ ئەوەی بێئاو نەبن، خێزان هەیە رۆژانەی 15 هەزار تا 25 هەزار بۆ ئاو كڕین ته‌رخان ده‌كەن.

رێبەر نازم خورشید ، بەڕێوەبەری ئاوی بەردەڕەش بە 964ی راگەیاند، ئه‌وان ئاگادارى كێشه‌ى بێئاوى ئه‌و گونده‌ن، ده‌شڵێت “لە ساڵی 2022 چەندین نووسراوی فەرمیمان لە رێگای قایمقامیەت بۆ پارێزگای دهۆک ناردووە بۆ چاره‌سه‌ركردنى کێشەکە.

پێشنیاریشیان كردووه‌، لەسەر بودجەی وشکەساڵی ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، نووسراویشیان بۆ بەڕێوه‌بەرایەتی گشتیی ئاو ئاوەرۆ لە پارێزگای هەولێر ناردووە، بەڵام ئەوانیش چاوەرێی بەشە بودجەی تایبەت دەکەن .

رێبەر نازم، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، له‌ ساڵى پاره‌وه‌ رەزامەندی دراوە بیرێک لەم شوێنە لەسەر بودجەی تایبەت لە حکومەتی فیدرال لێبدرێت، ده‌شڵێت “بە پێی زانیارییەکانمان دوای نزیکی مانگێکی دیکە بیره‌که‌ لێدەدرێت” .

گوندی کەونەباک سەر بە ناحیەی دارەتووە، لە قەزای بەردەڕەش و زیاتر لە 350 ماڵی لێیە و خەڵکی گوندەکە زیاتر بە چاندن و بەرهەمی کشتوکاڵییه‌وه‌ سەرقاڵن .

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن