"هێشتا ژمارەیەکی زۆر منداڵی توشبوو هەن"

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵەبجە بوو

964+

فەهمی نەبی

شاندێکی پسپۆڕ لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەردانی نەخۆشخانەیەکی پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لە منداڵان و چەند نمونەیەکیان لە منداڵە تووشبوەکان وەرگرتووە بۆ پشکنین لە دەرەوەی وڵات.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، رۆژی هەینی ئەو سەردانەیان بۆ نەخۆشخانەی منداڵبوونی هەڵەبجە ئەنجامداوە، هاوکات تیمێکی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی عێراقیان لەگەڵ بووە.

د.ئاراس هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی پارێزگای هەڵەبجە، بۆ 964 وتی، “ئەو شاندە هاتوون بۆ لێکۆڵینەوە لە هەبوونی ژمارەیەکی زۆری حاڵەتی هەوکردنی پەردەی مێشک لە یەک کاتدا، لەگەڵ ئەوەدا لێکۆڵینەوەش دەکەن لەسەر هۆکاری بڵاوبوونەوەی”.

د.ئاراس ئەوەشی وت، “شاندەکە چەند سامپڵێکیان وەرگرت و دەیبەن لە وڵاتانی دیکە پشکنینی بۆ دەکەن، تا هۆکارەکەی بزانن، چونکە تا ئێستا نازانرێت هۆکاری نەخۆشییەکە بەکتریایە یان ڤایرۆسە”.

بە پێی وتەی بەرپرسانی تەندروستیی هەڵەبجە، ئەو پشکنینانەی بۆ هەوکردنی پەردەی مێشک کراون، لە نیشانەکانی وەک نەخۆشییەکی ڤایرۆسی دەردەکەوێت، بەڵام لە پشکنینەکان وەک نەخۆشییەکی بەکتریایی دەردەکەوێت.

لەلایەکی دیکە، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی عێراق رایگەیاند، هیچ منداڵێک لە عێراق و هەرێم بە هۆی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک نەمردووە، هاوکات تیمەکانیان چەند نموونەیەکی پشکنینان لە چەند منداڵێکی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی وەرگرتووە و لە بەغدا پشکنینی بۆ دەکەن، تا بزانن هۆکاری بڵاوی ئەو جۆرە نەخۆشییە چییە.

سەرچاوە تەندروستییەکان لە بارەی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک دەڵێن، منداڵی توشبوو دووچاری هەوکردنی ئەو پەردەیەیە دەبێت کە مێشک و دڕکەپەتک دادەپۆشێ، زۆربەی جار هۆکارەکەی ڤایرۆسە، بەڵام هەندێک جاریش بەکتریایە.

ئەوەش هاتووە، هۆکاری سەرەکیی ئەو نەخۆشییە، کەمیی بەرگریی لەش و گرفتی زگماکی مێشک و بڕبڕەی پشتە، یان هەوکردنی رێڕەوی هەناسەیە.

ئاماری تەندروستیی هەڵەبجە دەریدەخات، هێشتا 41 منداڵی توشبوو بە هەوکردنی پەردەی مێشک لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی هەڵەبجە خەوێندراون، ژمارەی تووشبوان بەتەنیا لە پارێزگای هەڵەبجە لە سەرووی 80 کەیس بووە.