دەیان جۆر كۆتری لێیە

شێخەڵای هەولێر بە رۆژانی هەینی بۆ كۆترە

964+
شیراز عەبدوڵا- هەولێر
لە هەولێر رۆژانی هەینی بازاڕی شێخەڵا لە سەر سی مەتری پڕ دەبێت لە كۆتر و چەندین جۆر تێیدا مامەڵەی پێوەدەكرێت.

بازاڕی شێخەڵا، لەلایەك دەكەوێتە بەردەم باخی شار، لەبەردەم قەڵای هەولێر و لە لایەكی ترەوە دەكەوێتە سەر شەقامی سی مەتری.

سەر پردەكەی سەیداوا پڕە لە كۆتر بە رۆژانی هەینی

لەسەر سیمەتری پردێك هەیە پێی دەوترێت پردی سەیداوا، لەسەر پردەكە رۆژانی هەینی كاتژمێر حەوتی بەیانی تا شەشی ئێوارە، دەبێتە بازاڕی كۆتر و كڕین و فرۆشتن دەكرێت.

كۆتر هەیە نرخەكەی تەنها هەزار و 500 دینارە

كۆتر هەیە نرحی هەزارو 500دینارە پێی دەڵێن كۆتری شینكە یان كۆتری تەراو نێری بێ مێیە یاخود كێشەیەكی تەندروستی هەیە.

بەڵام كۆترەكانی تر كە لەجۆری زاخی هەولێری وفاوی توركی و ئێرانی و كۆتری شاممە و هنداوی و مەجەری، ئەمانە نرخەكانیان لە 20 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە 130 هەزار دینار.

زیاتر لە 40 جۆر كۆتری جیاوازی لێیە

بازاڕەكە تەنها كۆتری تێدا نافرۆشرێت، مریشك و قەل و قاز و ریشۆڵە و چەندین جۆری تری باڵندە و ئاژەڵی تێدا دەفرۆشرێت.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد