ئێزیدیەکان واژۆ بۆ پەرلەمانی سویسرا کۆدەکەنەوە
964+
زەید کۆچەر
هەفتەیەکە لە کەمپەکانی ئاوارە ئێزیدیەکان هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ دەستیپێکردووە، تاوەکو پەرلەمانی سویسرا کەیسەکەیان وەکو جینۆساید بناسێنێت.
964 دەزانێت، چەند گەنجێکی کورد بەو ئەرکە هەستاون کە هاوڵاتی ئەڵمانیا و سویسران.
ئەو گەنجانە دەیانەوێت لە رێگەی ئەو هەڵمەتەوە لیژنەکانی پەرلەمانی سویسرا ناچار بکەن کاری لەسەر بکەن و بیخەنە ئەجێندای دانیشتنەکانی پەرلەمانی سویسراوە.
لە ساڵی 2014 و ساڵانی دواتر، رێکخراوی داعش هێرشیکردووەتە سەر ناوچە ئێزیدینشینەکانی شەنگال و دەوروبەری پارێزگای دهۆک و دەشتی نەینەوا، بەپێی ئامارەکان، هەزاران کەس کوژراون و دەیان هەزاری دیکە ئاوارە کراون.
لەوبارەیەوە، فەیسەل عەلی ملکۆ بەڕێوەبەری رێکخراوی هێڤی لە کەمپەکانی ئاوارەی شەنگال بە 964ی وت، ئەم ئیشە لە بنەڕەتدا دوو گەنجی کورد پێی هەستاون بەناوی نەواف ئێزیدخان و دڵشاد عیدۆ. ئەو دوو گەنجە ماڵ بە ماڵی کەمپەکانی کەپەرتوو، چەمشکۆ، دەرکارێ و ناو قەزای شەنگال دەگەڕێن بۆ کۆکردنەوەی دەنگی ئێزیدیەکان و واژۆکانیان.
ئەوان ئامانجیانە 50 هەزار واژۆ کۆبکەنەوە و کۆتا رۆژیش بۆ پرۆسەکە 15ی ئایاری 2023 دیاریکراوە.
فەیسەل عەلی وتیشی، تاوەکو ئێستا توانیویانە زیاتر لە 45 هەزار واژۆ کۆبکەنەوە و پێدەچێت بگاتە 60 هەزار لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا.
لە هەڵمەتەکەدا، ئێزیدیەکانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەش دەتوانن دەنگ بدەن لە رێگەی فۆرمێکی ئەلیکترۆنیەوە.
مانگی رابردوو، پەرلەمانی ئەڵمانیا بە کۆی دەنگ پرۆسەی کوشتن و ئاوارەکردنی ئێزیدیەکانی بە “جینۆساید” ناساند.
ئەو ناساندنە سوودی زۆری بۆ ئێزیدیەکان دەبێت، لەوانە کۆدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت کە کەیسەکەیان و ئاسانکاری بۆ مانەوەیان لە وڵاتانی ئەوروپا.
پێداچوونەوە: هێمن بەکر