وێنەی قوتابیان لە قوتابخانە کوردییەکەی سویسرا. وێنە: بابان ئەلیاسی بۆ 964ی ناردووە.
یەكەمین قوتابخانە بە زمانی كوردی كرایەوە
ئەگەر لە ژنێڤ دەژیت منداڵەكەت ببە بۆ خوێندنی كوردی
كوردستان ئەحمەد
لە شاری ژنێڤ لە لایەن كۆمەڵەی كوردییەوە قوتابخانەیەك كراوەتەوە تێیدا بە كوردی دەخوێنن.
گروپی كۆمەڵەی كوردی لە ژنێڤ لە لایەن چەند كوردێكی باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستانەوە لە ساڵی 2022 دامەزراوە.
قوتابخانەکە لە شارەدێی ڤێرنییە، لە نزیك شاریی ژنێڤە، دانیشتووانەكەی زیاتر لە 30 هەزار كەسە.
لە یەكێك لە قوتابخانەكانی ئەو شارە، رێگە دراوە بە كۆمەڵەی كوردی ئێواران منداڵانی كورد بە كوردی بخوێنن.
كۆمەڵەكە، كتێبی زمانی كوردی بە شێوازی سۆرانی بۆ قوتابییەكان ئامادەكردووە لەسەر شێوازی پەرتوكی كوردی ئەمین باڵدار.
رۆژانی چوارشەممە، كاتژمێر چوار تا شەش لەو قوتابخانەیە وانەی زمانی كوردی تێدا دەخوێنرێت.
بابان ئیلیاسی، سەرۆكی كۆمەڵەی كوردی لە ژنێڤ، بە تۆڕی 964ی وت، ئێستا 20 قوتابییان هەیە، پلانیان هەیە ژمارەکە زیاد بكەن و خوێندنی كوردی ببێت بە بەشێكی سەرەكی لە ژیانی ئەواندا، هەموو قوتابییەكان كوردن و ئەگەریش قوتابی دیكە بێتە كۆرسەكانەوە، قبوڵی دەكەن.
قوتابییەكان بە شێوازی خوێندنی سویسرا لە پۆلەكەدا بە دەوری مامۆستاكەیاندا كۆدەبنەوە و ئەلف و بێی كوردی دەخوێنن، تەنیا یەك مامۆستاشیان هەیە.