شارەوانی سلێمانی: هەڵپاچینی درەخت قەدەغەیە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

شارەوانی سلێمانی دەڵێ، هەر کەسێک، یان فەرمانگە و لایەنێك بەبێ راوێژ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی کاری هەڵپاچینی درەخت ئەنجام بدات، روبەڕووی سزای یاسایی دەکرێتەوە.

بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە 964+ـی راگەیاند؛ خەڵک بە تەور و داس دەکەونە گیانی درەختەکان و ژمارەیەکی زۆر درەخت زیانی بەرکەوتووە، دەبێت “تەنیا مقەست لە هەڵپاچینی دارەکان بەکاربهێندرێت، چونکە تەور دەبێتە هۆی نەخۆشی بۆ درەختەکە”.

سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا لە پەیجی فەیسبووکی خۆیان بڵاوی کردەوەتەوە دەڵێت؛ ساڵانە بەدیاری کراوی لە وەرزی پایزدا بەشێک لە هاوڵاتییان ھەڵدەستن بە ھەڵپاچینی نادروست بۆ درەختەکان، ئەم کارە لەرووی زانستیەوە ھەڵەیە، بەردەوامی و دووبارەکردنەوەی ساڵانە دەبێتە ھۆی لەناوبردنی درەختەکان.

بەپێی ئاماری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا ٦٢ کەس لەسەر بڕینی دار و ٣١ کەسی دیکەش لەسەر سووتاندن و بەخەڵوزکردنی دار دەستگیرکراون.

لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا ٦٢ کەس لەسەر بڕینی دار و ٣١ کەسی دیکەش لەسەر سووتاندن و بەخەڵوزکردنی دار دەستگیرکراون.

بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە 964+ـی وت “هەڵپاچینی درەختەکان تەنیا لەکاتێکدا رێگەپێدراوە کە بەرکەوتن لەنێوان درەختەکە و کێبڵی کارەبادا هەبێت، یاخود هێماکانی هاتوچۆی داپۆشیبێت”.

بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی ٤٢ـی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە کە ساڵی ٢٠٠٨ لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووە، کەسی سەرپێچیکار، بە سزای ‌به‌ندكردن سزا ده‌درێت کە سزایەکەی له‌ مانگێك كه‌متر نه‌بێت، یان سزای  پێبژاردنی دەدرێت کە بڕەکەی لە ١٥٠ هەزار کەمتر نەبێت و لە ٢٠٠ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.