له‌ سنوورى سیده‌كان شوێنێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ زبڵ و خاشاك دیاریكرا

964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له ‌سنوورى قه‌زاى سیده‌كان شوێنێكی تایبه‌ت بۆ فڕێدانى زبڵ و خاشاكى 57 گوند دیاریكرا، قایمقامیش ئه‌وه‌ دووپاتده‌كاته‌وه‌ سووتاندنى زبڵ و خاشاك به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ سنووره‌كه‌یان قه‌ده‌غه‌یه‌.

ئیحسان چه‌له‌بی، قایمقامی قەزای سیدەکان، دروستكردنى ئه‌و شوێنه‌ى بۆ 964 پشتڕاستكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، شوێنه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنوورى دەشتى هێرت ــ نزاری، زبڵ و خاشاكى 57 گوندى ئه‌و سنووره‌ى لێ كۆده‌كرێته‌وه‌.

وتیشی “شوێنه‌كه‌ له‌سه‌ر رووبه‌رى 450 مه‌تر چوارگۆشه‌ دروستكراوه‌ و به‌م زووانه‌ش شوراى بلۆكى بۆ ده‌كرێت”.

قایمقامی سیده‌كان، ئه‌وه‌ى دووپاتكرده‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ سنووره‌كه‌یاندا زبڵ و خاشاك ناسووتێندرێت به‌ڵكو ده‌ڵێت “له‌و شوێنه‌ كۆده‌كرێته‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ى كۆمپانیای پاككه‌ره‌وه‌ى پاپاگروپ هه‌فته‌ى چه‌ند جارێك دێت و ده‌یگوازێته‌وه‌”.

به‌ پێی زانیارییه‌كانى 964 كه‌ له‌ قائیمقامی سیده‌كان وه‌ریگرتووه‌، دوای ده‌ستنیشانكردنى ئه‌و شوێنه‌ له‌ دەشتى هێرت – نزاری، لە ناوچه‌كانى گەلی لێتان و ژیلیا و دۆڵی زەرزێش شوێنى تایبه‌ت دروست دەکرێت.