ئامێری POS بۆ وەرگرتنی پارە بەکاردێت - وێنە: 964
لەمەوبەدوا بەشێک لە فەرمانگەکانی عێراق بە ئامێری POS پارە وەردەگرن
فەهمی نەبی
حکومەتی عێراق بڕیاری داوە لەمەوبەدوا دەبێت سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەت لە وەرگرتنی پارەی کرێ و رسومات و فرۆشتن بە ئامێری ئەلیکترۆنی POS پارە وەربگرن، حکومەتی عێراق پاڵپشتی بۆ ئەو رێکارەی حکومەت راگەیاند.
ئامێری ئەلیکترۆنی POS بۆ مامەڵەکردنی دراو، دانان و وەرگرتنی پارە بۆ تاکەکەسی بەکاردێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق، بڕیاری دا پاڵپشتی لە بڕیارەکانی بانکی ناوەندی بکات و لەمەودوا هەموو مامەڵەیەکی هاوڵاتیان لە فەرمانگەکانی حکومەت لە باج و رسومات و هەر چەشنە مامەڵەیەکی دیکەی وەرگرتنی پارە لە رێگای ئامێری ئەلیکترۆنی POS بێت، ئەمەش وەک هەنگاوی رێگریکردن لە بردنەدەرەوەی پارە هەژمار دەکرێت.
هاوکات حکومەت بڕیاریداوە لە ماوەی یەک مانگدا پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بە رێکخستنی پارەدارکردنی ئەلیکترۆنی رێکبخات، پڕۆژە یاساکە بە هاوبەشی هەریەکە لە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، بانکی ناوەندی و دیوانی چاودێری دارایی دەبێت.
هەر ئەمڕۆ پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند بۆ لەمەوبەدوا مامەڵەی دۆلاریان لەگەڵ بانکی ویسترن یۆنیۆن بە هەمان نرخی فەرمی بانکی ناوەندی دەبێت.