دیمەنی سایلۆیەک نیشان دەدات کە ئامادەیە بەرهەمی گەنم وەربگرێت _ وێنە: 964
"لە ماوەی 48 کاتژمێردا پارەی گەنمەکەیان وەردەگرن"
بڕیاردراوە هەموو گەنمی پارێزگای دهۆک وەربگیرێت
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
پارێزگای دهۆک ئامادەسازی کردووە، ئەمساڵ بە شێوەیەکی بەرفراوان سەرجەم گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە وەربگرێت، بۆ ئەو مەبەستە سێ سایلۆی ئامادەکردووە.
ساڵانە لە کۆتایی مانگی پێنج تا سەرەتای مانگی شەش دروێنە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی چاندن لە پارێزگای دهۆک، بە 964ی وت، ئەمساڵ هەریەکە لە سایلۆکانی شێخان، فایدێ و زاخۆ گەنم لە جووتیاران وەردەگرن.
وا پێشبینیی دەکرێت ئەمساڵ لەسنووری پارێزگای دهۆک، بەرهەمی گەنم بگاتە 300 هەزار تۆن گەنم.
لەبارەی رێژەی وەرگرتنی گەنم ئەحمەد جەمیل دەڵێت، ساڵانی پێشوو بەتەنیا %12ی گەنم لە پارێزگای دهۆک وەردەگیرا، بەڵام ئەمساڵ بڕیار وایە هەموو گەنمی ئەو پارێزگایە وەربگیرێت.
بەڕێوبەری چاندنی پارێزگای دهۆک، ئەوەشی وت “بڕیارە هەر جووتیارێک لە ماوەی 48 کاتژمێر پارەی گەنمەکەی وەربگرێت، ئەمەش بە پێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق”.
جگە لەو سێ سایلۆیەی دانراوە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، بڕیارە گۆڕەپانی سایلۆی روڤیا تەرخان بکرێت بۆ وەرگرتنی گەنم بە پێی پێویستی.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی