هاتوچۆی هەولێر دوائاگاداری دەداتە کۆمپانیاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێڵ

964+

فەهمی نەبی

هاتوچۆی هەولێر ئاگاداری سەرجەم کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێڵ دەکاتەوە، چیتر رێگەپێدراو نییە ئۆتۆمبێڵ بەبێ تابلۆی کاتی بهێنن بۆ پشکنین، هاوکات هەر ئۆتۆمبێڵێک تابلۆی پێوە نەبێت دەستیبەسەردا دەگیرێت.،

ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، ئەو بڕیارەی دەرکردووە، ئەوەش هاتووە، هەر کۆمپانیایەک بەو بڕیارەوە پابەند نەبێت سزا دەدرێت.

فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە 964ی وت، “کۆمپانیاکان کە ئۆتۆمبێڵ دەهێنن بۆ پشکنین تابلۆی کاتی لێنادەن و لە شەقام بەبێ تابلۆ دەسوڕێنەوە، ئاگادارییەکە بۆ کۆمپانیاکانە، ئەمجارە ئەوە دووبارە ببێتەوە، سزای دارایی ئەو کۆمپانیایانە دەکرێت”.

بە پێی قسەی وتەبێژی هاتوچۆ، سزای کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێڵ لای وەزارەتی ناوخۆیە، هاوکات ئەو ئۆتۆمبێڵانەشی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ راگیراون و بێ تابلۆن، ئەگەر لە ماوەی 24 کاتژمێر لانەبردرێن، دەستیانبەسەردا دەگیرێت.

بە پێی ئاماری وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵی رابردوودا 105 هەزار و 126 ئۆتۆمبێل هاوردەکراون.