لە ناحیەی قەسرۆک کچێکی تەمەن 13 ساڵان ون بووە

964+

عەمار عەزیز-دهۆک

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، کچێکی تەمەن 13 ساڵ کاتژمێر 5ی بەرەبەیان ون دەبێت و تا ئێستا بێسەروشوێنە.

کچە ونبوەکە ناوی هودا سلێمان جەمیل یونسە، دوو خوشکی دیکە و برایەکی هەیە.

جەمیل یونس ئەحمەد، موختاری ناحیەی قەسرۆکە، هاوکات باپیری کچکەیە بە 964ی وت، “کاتژمێر 5ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هودا هاتووەتە بەردەرگا و ون بووە، پۆلیس و ئاسایشمان ئاگادارکردوەتەوە، تا ئێستا سەروسۆراغی نییە”.

بە وتەی باپیری کچە ونبووەکە، هودا ئەو کاتەی دیارنەماوە تراکسودێکی رەش و تیشێرتێکی زەردی لەبەربووە.

کەسوکارەکەی دەڵێن، لەبەر باری دارایی چەند ساڵێکە ناچێتە قوتابخانە، باوکی کچەکە چەند ساڵێکە گرفتاری دەستی نەخۆشییە.

موختاری ناحیەی قەسرۆک دەڵێت: ئەو خێزانە کێشەیان لەگەڵ کەس نەبووە، بۆیە دادگامان لێی ئاگادارکردووەتەوە.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە 964ی وت “تا ئێستا هیچ کەسێک ئاگاداری ئێمەی نەکردووەتەوە سەبارەت بە ونبوونی کچێک لە ناحیەی قەسرۆک، بۆیە زانیاریمان نییە”.

ناحیەی قەسرۆک، سەربە قەزای شێخانە لە پارێزگای دهۆک.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی