لە گەڕاجێکی بەغدا حەشاردرابوون

300 محاویلە لە دزینێکی حەتمی نەجاتیان بوو

ئەحمەد مستەفا

هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا، دەستیان بەسەر 300 محاویلەی کارەبادا گرت، کە ویستراوە بە قاچاغ ببرێنە دەرەوەی عێراق و دوو تۆمەتباریش دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ هەینی، دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق چالاکییەکەیان ئەنجامداوە.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە، دوای بەدواداچوونی مەیدانی و کۆکردنەوەی زانیاریی وردی هەواڵگری بۆ ماوەیەکی درێژ، توانیویانە دەست بەسەر 300 محەویلەی کارەبایی بگرن کە بەنیاز بوون بە شێوەیەکی نایاسایی بەقاچاخ ببرێنە دەرەوە.

محەویلەکان لەناو گەراجێکی نێو شاری بەغدادا حەشاردرابوون، دەزگاکە دەڵێ، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا توانیویانە دەست بەسەر تەواوی ئەو محویلانەدا بگرن، هەر لەوێ دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون.

هەوڵە هەواڵگریی و مەیدانییەکانیان سەرکەوتبووون بۆ تۆڕەکانی قاچاخچێتی و ئەو کەسانەی یاری بە موڵکی گشتی دەکەن و کاریگەری نەرێنی لەسەر کەرتی خزمەتگوزارییەکان دروست دەکەن.