پێشمەرگەی سلێمانی و ئیتیساڵات یەکسان بوون

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

لەسەر یاریگاى فەرماندەیی و لەسەر حسابى دوا جەولەى تۆپی پێى خولى یانە پلە یەکەکانى عێراق، لە کۆمەڵەى یەکەم یانەى پێشمەرگەى سلێمانى لە یارییەکى چارەنوسازدا میواندارى ئیتیساڵاتى شارى بەغداى کرد.

لەم یارییەدا پێشمەرگەکان لە سەریان بوو بردنەوە بەدەست بهێنن و لە هەمان کاتیشدا دەبوو چاوەڕێى موعجیزەیەک بن لە شارى بەغداوە تاوەکو یانەى سەناعاتی کارەبایی شکست بە ئەمانە بهێنێت ئەو کاتە بلیتى گەیشتنى بە خولى نایاب مسۆگەر دەکرد.

گێمى یەکەم هیچ ئاستێکى واى بەخۆوە نەبینى تاوەکو مەترسى بۆ سەر گۆڵى یەکتر دروست ببێت، هەر بۆیە نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتایی هات .

گێمی دووەم یاریزانانى پێشمەرگە بە دواى تۆمارکردنى گۆڵى یەکەمدا دەگەڕان بەڵام لە خولەکى 63  یانەى میوان لە رێگەى رەعد مەتەرەوە دەستپێشخەریان کرد و گۆڵى یەکەمیان تۆمارکرد، ئەم گۆڵە گڕوتینى زیاتریدا بە تیپى خاوەن یاریگا تاوەکو لەسەر هێرشەکانى بەردەوام بێت.

پێش تەواوبوونى یارییەکە بە چوار خولەک دواجار نیاز مەغدید بووە فریادڕەسى پێشمەرگەکان و گۆڵى یەکسان بونەوەى تۆمارکردەوە و یارییەکەش بەو گۆڵە بۆ هەردولا کۆتایی هات.
بەهۆى بردنەوەى یانەى ئەمانە لە سەناعاتى کارەبایی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک، بلیتى گەیشتن بەخولى نایاب چووە لاى یانەکەى شارى بەغدا و یانەى پێشمەرگەى سلێمانیش پلەى دووەمى کۆمەڵەکەى گرت .

پێداچوونەوە: توانا نەقی