سەرکەوتوو بێت بەکارهێنانی فراوان دەکرێت

لە سلێمانی توێژینەوەیەک لەسەر پەینی شل ئەنجام دەدرێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە رێگەی توێژینەوەیەکەوە هەوڵدەدرێت پەینی شل جێگەی پەینی وشک بگرێتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی توێژینەوەکەی لەسەر گەنم ئەنجام داوە.

توێژینەوەکە لەسەر 80 مەتر زەوی بە گەنم چێندراو کراوە، بەسەر چوار بەشدا دابەشکراوە و بڕی جیاوازی پەینی شلیان بۆ بەکاردەهێندرێت، تا لە کۆتاییدا دەرکەوێت کام بڕەیان بۆ بەکارهێنان سەرکەوتووە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەیەوێت لەو رێگەیەوە خۆی لە زیانەکانی پەینی وشک بپارێزێت، کە زەوی بێپیت و بێهێز دەکات و ئاوی ژێرزەویش پیس دەکات.

کاروان داود مستەفا، ئەندازیاری کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، دوای دروێنەی گەنمەکە ئەنجامەکان دەردەکەون و ئەگەر سەرکەوتوو بێت دەتواندرێت بەکارهێنانەکەی فراوان بکرێت.

دەشڵێت، “پەینە وشکەکە یەکجار لەژێر گەنمەکە بەکاردەهات و جێدەهێڵدرا، بەڵام پەینە شلەکە لە چوار قۆناغی گەشەکردنی گەنمەکەدا بەکاردێت و تەنیا بە بەشی سەرەوەی گەنمەکە دەکرێت و ناگاتە خاکەکەی”.