عەرەبی هاوردە دەچنە سەر گوندی چەخماغە و داوای زەوییەکانیان دەکەن

964+

كاروان ساڵحی – كەركوك

عەرەبی هاوردە دەچنە سەر گوندی چەخماغەی کەرکوک و داوای دابەشکردنی زەوییەکانیان لێدەکەن.

گوندەکە، سەرجەم دانیشتووانیان کوردن و لە رووی مێژووییەوە گوندێکی کوردییە و دەکەوێتە رۆژئاوای کەرکوک و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان 3500 دۆنم زەوییە.

ژمارەی دانیشتووانی گوندەکە دوای 2003 گەیشتە 165 سەر خێزان و بە تەواوەتی ئاوەدانکرایەوە، بەڵام ساڵی 2020 دوای هێرشی ژمارەیەك چەكداری نەناسراو بۆ سەر گوندەكە و کوشتنی چەند گەنجێکی گوندەکە، رۆژ دوای رۆژ ژماری دانیشتووانەكەی لە كەمبوونەوەدایە، ئێستادا تەنیا 12 خێزان لەو گوندە دەژین.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 30.4.2023، جارێكی دیكە عەرەبی هاوردە دەچێنە سەر دانیشتووانی گوندی چەخماغەی كوردنیشین لە رۆژئاوای كەركوك و داوای  زەویەكانیان دەکەن، ئەمەش لەكاتێكدایە خاوەن زەوییەكان تاپۆی عوسمانیان هەیە.

عەرەبەکان لەگەڵ خۆیان ئەندازی رووپێویش دەبەن بۆ ئەوەی زەوییەكان دابەشبكەن، بەڵام جوتیارانی كورد رێگریان لێدەکەن و بەناچاری گوندەكە جێدەهێڵن.

عومەر شاسوار، جوتیارێكی گوندی چەخماغەیە و لە هەمان كاتدا موختاری گوندەكەیە  بە 964ـی وت “ئەوە چەند جارێكە عەربی هاوردە داوای زەوییەكانمان دەکەن، هەر ئەمڕۆ نا، بەڵکو دوێنێش هاتن و رێگریمان لێكردن”.

دەشڵێت: پەرلەمانتارە كوردەكانمان ئاگادار كردووتەوە بۆ ئەوەی كۆتای بەم بابەتە بێنن.