شەترەنجی پێشمەرگەی سلێمانی سێیەمی عێراق بوو

964+

یادگار مەحمود

پاڵەوانیەتی شەتڕەنجی یانەکانی عێراق لە بەغدا کۆتایی هات و یانەی پێشمەرگەی سلێمانی پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.

بە بەشداری 14 یانە لە رۆژانی 26 تا 29 ـی ئەم مانگە لە شاری بەغدا، قۆناغی کۆتایی پاڵەوانیەتی شەترەنجی یانەکانی عێراق بەرێوەچوو.

هەر یانەیەک بە 12 یاریزان بەشداری پاڵەوانیەتییەکەیان کردبوو، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی پلەی سێیەمی پاڵەوانیەتییەکەی بەدەستهێنا.

ئەسعەد ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری گشتی یاری شەترەنج لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بە 964ـی وت، بەهۆی هاتنی یاریزانانی پیشەگەر پاڵەوانیەتی ئەمساڵ یەکێک بوو لە هەرە پاڵەوانیەتییە بەهێزەکان و تیپەکان تا دوا ساتی پاڵەوانیەتییەکە رکابەری بەهێزی یەکتریان دەکرد.

زیاتر وتیشی “سەرەرای بەهێزی تیپە بەشداربووەکان، بەڵام یانەکەمان توانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات و بە کۆکردنەوەی 22 خاڵ پلەی سێیەمی بەدەستهێنا”.

لە پاڵەوانیەتییەکەدا یانەی کارەبا بە کۆکردنەوەی 25 خاڵ بووە پاڵەوان و یانەی ئیتیساڵات بە کۆکردنەوەی 24 خاڵ پلەی دووەمی بەدەستهێنا.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق