بنكه‌كانى وه‌رگرتنى دانه‌وێڵه‌ى كۆیه‌ و هه‌ریر ده‌كرێنه‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا هه‌ردوو بنكه‌ى وه‌رگرتنى دانه‌وێڵه‌ له‌ شارۆچكه‌ى هه‌رێر و قه‌زاى كۆیه‌ بكرێنه‌وه‌ و ئه‌مساڵ گه‌نمى جوتیاران له‌و بنكانه‌ وه‌ربگیرێت.

به‌هۆى بوونى كه‌موكوڕى له‌دوو دوو بنكه‌یه‌ ماوه‌ى شه‌ش ساڵه‌ ئه‌و دوو بنكه‌یه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى فیدڕاڵى داخراون و جوتیارانى ئه‌و دوو ناوچه‌یه‌ش ساڵانه‌ به‌رهه‌مى گه‌نمه‌كانیان ده‌برده‌ سایلۆكانى هه‌ولێر.

رۆژی 28.4.2023 وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هه‌رێم له‌گه‌ڵ شاندێكى وه‌زاره‌تى پیشه‌سازى عێراق سه‌ردانى قه‌زاى كۆیه‌و ناحیه‌ى هه‌ریری سه‌ر به‌ قه‌زاى شه‌قڵاوه‌یان كردو هه‌ردوو بنكه‌كه‌یان به‌سه‌ر كرده‌وه‌.

تاریق جه‌لال، قایمقامى قه‌زاى كۆیه‌ پێشتر به‌ 964ـى راگه‌یاندبوو، ماوه‌یه‌كه‌ ده‌رخستنه‌ى كێشه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانى بنكه‌كه‌ى كۆیه‌یان بۆ سه‌رووى خۆیان به‌رزكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتواندرێت گه‌نمى جوتیارانى سنوورى كۆیه‌ له‌و بنكه‌یه‌ وه‌ربگیرێت.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تى بارزگانى و پیشه‌سازى هه‌رێم، دواى به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى هه‌ردوو بنكه‌كه‌، ئاماده‌كارى ده‌كرێت بۆ كردنه‌وه‌یان به ‌رووى جوتیاراندا.

باس له‌وه‌شكراوه‌، بڕیارە لەگەڵ لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم لەهەولێر گفتوگۆ ده‌کرێت بۆ ئەوەی ئەگەر توانرا ئەو پێداویستیانە دابین بکرێت و گەنم لەو بنکەیە بۆ ئەمساڵ وەربگیرێت .

یوسف سەلیم بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كۆیە، بە 964ـی راگەیاندبوو، بنكەی وه‌رگرتنى دانه‌وێڵه‌ى كۆیە، یه‌كێك بووه‌ له‌و بنكانه‌ى له‌ شار و شارۆچكه‌كانى هه‌رێمی كوردستاندا، بە فەرمانی وەزارەتی بازرگانی حكومەتیی فیدراڵ داخراون.

وتبووشی “ئێمە زۆر داوامان كردووە ئەو بنكانە بكرێنەوە، چونكە زۆر پێویستن بۆ ناوچەكە، بە تایبەت ئەمساڵ بەروبوومی گەنم زۆرترە”.

وه‌زاره‌تى پیشه‌سازى و بازرگانى هه‌رێم ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌، كه‌ بڕیارە بۆ ئەمساڵ بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەرتەنێک گەنم لەجوتیاران وەربگیرێت.