کۆمپانیاکەیان گۆڕی پێدانی موچەکەشیان گۆڕدرا 

964+

ئەحمەد مستەفا-سلێمانی

پاککەرەوەکانی کەرتی تەندروستی لە سەیدسادق، دوای شەش مانگ یەکەم قەرەبووی موچەکانیان وەرگرت، بەڕێوەبەرێک دەڵێت “کۆمپانیاکەمان گۆڕیوە”.

کارمەندانی خزمەتگوزاری و پاککەرەوەی کەرتی تەندروستی لە سەیدسادق کە ژمارەیان 27 کەسە، نزیکەی ساڵێکە کێشە لە هاتنی موچەکانیان هەیە.

ئەوان لە بەرامبەر شەش بۆ حەوت سەعات کارکردن لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی سەیدسادق، موچەکانیان لە 270 ھەزار دینارەوە بۆ  310 ھەزار دینارە.

یوسف عەلی، بەرێوەبەری کارگێڕی ئەو نەخۆشخانەیە بە 964ی وت “کۆتاییمان بە گرێبەستی ئەو کۆمپانیایە ھێنا کە بەرپرس بوو لە دابینکردنی مووچەکانیان، چونکە کەمتەرخەم بوو وە شاراوەیی بە کارەکانیانەوە دیاربوو”.

ئەوەشی وت “قەرەبووی مووچەی ئەو کارمەندانە بە دوو بەش دەدرێتەوە، ئێستا بەشی یەکەمیان پێدراوە و بەمنزیکانە قیستی دووەم وەردەگرن، لەمەوبەدوا کۆمپانیایەکی نوێ مووچەی کارمەندەکان دابیندەکات”.

بەرێوەبەری نەخۆشخانەی شەوکەتی حاجی مشیر دەڵێت: موچەی ئێستای ئەو کارمەندانە بە شایستەی کارەکەیان نازانین، بەڵام بڕیار و جۆری گرێبەستەکە لەنێوان کۆمپانیا و لایەنی تەندروستی بەمجۆرە رێکخراوە، بەوتەی ئەو “ئیتر مانگرتنی ئەو کارمەندانە کۆتایی دێت و ئاوەدانی و خاوێنی زیاتر بۆ نەخۆشخانەکان دەگەڕێتەوە”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

کۆمپانیاکەیان گۆڕی پێدانی موچەکەشیان گۆڕدرا