ئاگاداریت لە بەرامبەر پارێزگای سلێمانی چی هەڵدەواسرێت؟

964+

ئاودێر عومەر – سلێمانی

دیوارەکانی بەرامبەر بینای پارێزگای سلێمانی، لەسەر شەقامی گشتی دووسایدی تاسلوجە، نۆژەنکراونەتەوە و سێ چوارچێوەیان بۆ جیاکراوەتەوە، ئەمە باس و خواستی لای خەڵک دروستکردووە و هەریەکە و بە جۆرێک باسی لێوەدەکەن.

تۆڕی 964 زانیویەتی ئەم سێ چوارچێوەیەی سەر دیوارەکانی بەرامبەر پارێزگا بۆچی ئامادەکراون، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارێزگای سلێمانی، دڵگیر غەفور، بە 964ی وت، لەلایەن پەیکەرتاشێکەوە بیرۆکەکەمان پێگەشتووە کە ئەو راگرانە بۆ پرۆژەیەک بەکاربهێنین، ئەویش دانانی سێ تابلۆیە و لەلایەن پارێزگاری سلێمانی قبوڵ کراوە.

سەبارەت بەو پرۆژەیە، چێنەر نزار، پەیکەرتاش و خاوەنی بیرۆکەکە بە 964ی وت، کۆی گشتی تابلۆکان 12 دانەن، لە ئێستادا سێ تابلۆی ئامادەیە بە قەبارەی پانی پێنج مەتر و بەرزی دوو مەتر و نیو.

“تابلۆکان لە هاڕاوی بەردی مەڕمەڕ دروست کراون، ماوەی ساڵێکە سەرقاڵم و تەواوم کردوون، خۆم  دیزاینم کردووە، هەریەکەو باسی مێژووی کورد دەکات، وەک تابلۆی شەڕی بەردەرکی سەرای ساڵی 1930 و شەڕی  قەلای دمدم و کۆڕەوەکەی کورد لەساڵی 1991″، پەیکەرتاش چێنەر نزار وای وت.

دەشڵێت، لە داهاتوودا نۆ تابلۆی تری ئامادەیە، ئەگەر سپۆنسەریان بکرێت لەهەمان شوێن دایدەنێن، ئەم سێ تابلۆیەش لەماوەی 10 رۆژی تردا هەڵدەواسرێت و لە مەراسیمێکدا پیشانی هاوڵاتیانی دەدەن.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر