لە دوو کاتدا لێیان وەردەگیرێت

لەمەودوا بارهەڵگرەکان لە هاتوچۆی شارەکان باج دەدەن

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

ئەوانەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریان پێیە ئاسانکاریان بۆ کراوە. لەمەودوا بۆ باجدان پێویست ناکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی باج بکەن و کارەکە لە هاتوچۆی شارەکانیان دەکرێت.

بڕیارەکە لە رێککەوتنێکی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکانەوە دراوە، کە 19.3.2023 کراوە و ئامانجیش لێی، کەمکردنەوەی رۆتین و قەرەباڵغییە لە بەرێوەبەرایەتییەکانی باج.

بڕیارەکە بە شێوەیەکە، کە خاوەن بارهەڵگرەکان لە کاتی نوێکردنەوەی ساڵیانە یان گۆڕینی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێلەکەیان باجیان لێوەردەگیرێت.

تۆڕی 964 دەزانێت، تا ئێستا بڕیارەکە نەچووەتە جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە ئامادەکاریدان بۆ ئەوکارە.

بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، بڕیارەکە هەیە و لەمەودوا باجی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ وەردەگیرێت.