“منداڵەکەی سەیدسادق پاش دوو رۆژ ھێندراوەتە لامان”

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

نەخۆشخانەی شەھید شەوکەت لە سەیدسادق نیەتپاکی خۆی بۆ سکاڵای خانەوادەی ئەو منداڵە پێنج مانگانە دەردەبڕێ کە بەھۆی سکچوون و رشانەوە گیانی لەدەستدا و دەڵێت: کەمتەرخەمی لەلای ئەوانەوە نەبووە.

رۆژی 23.4.2023، لە سەیدسادق منداڵێكی تەمەن پێنج مانگ بەناوی بارش سەرھەنگ، کە تووشبووی سکچوون و رشانەوە بوو گەیەندرایە نەخۆشخانەی شەھید شەوکەت لە قەزاکە، دواتر لە رێگەدا بەرەو سلێمانی گیانی لەدەستدا.

لە بڵاوکراوەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ 964 نێردراوە، سەرھەنگ ئەحمەد باوکی بارش ئاماژەی بەوە کردووە، پاش ئەوەی تەندروستی منداڵەکەمان تێکدەچێت، بەپەلە دەیگەیەنینە نەخۆشخانەی شەھید شەوکەت کە نەخۆشیەکەی تەنها سکچوون و رشانەوە بووە، لەکاتی وەرگرتنی چارەسەر نەیانتوانی تەنانەت کانۆلایەکی بۆ دابنێن و چەندینجار و لە چەندین شوێنی جەستەیەوە بەهۆی نەزانینەوە کونکراوە و شوێنەکەی شین بووەتەوە.

ئەوەشی وتووە “بارودۆخ و تەندروستی منداڵەکەمان زیاتر خراپتر بووە، پاش سێ کاتژمێر ئینجا بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و بەبێ دانانی کانۆلا رەوانەی نەخۆشخانەی د. جەمال رەشیدی منداڵان لە سلێمانی دەکەن و لەوێش بەمردووی دەگاتە لایان.

خانەوادەی بارش دەڵێن، سکاڵا تۆماردەکەن و دەیانەوێت دادگا ھۆکاری گیان لەدەستدانی منداڵەكەیان بۆ یەكلابکاتەوە.

لە بەرامبەردا یوسف عەلی، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی شەھید شەوکەت لە قەزای سەیدسادق ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.4.2023، بە 964ـی وت “منداڵەکە پاش دوو رۆژ لە توشبوونی بە سکچوون و رشانەوە، گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکەمان و وشکبوونەوەیەکی توندی ھەبووە لە نمرە سێ”.

دەشڵێت: نەک دەمار دۆزینەوە، بەڵکو وشکبوونەوەکە بوەتە ھۆکاری ئەوەی دەماری منداڵەکە خوێنی لێ نەیەت تا پشتراستی سەلامەتی و کاریگەری کانولاکە بکاتەوە، وام ھەست نەکردووە کارمەندەکانم کەمتەرخەم بن و خانەوادەکەشی لە نەخۆشخانە ھیچیان نەوتووە.

بەرێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەکە ئەوەشی وت، لێکۆڵینەوەم لەگەڵ پزیشک و کارمەندەکان کردووە، پزیشکی سەرپەرشتی دوپاتی سکچوونێکی زۆر منداڵەکەی کردووەتەوە.

باوکی بارش، ئاماژە بەوە دەکات کە سکاڵایان لە دادگا تۆمار دەکەن داواشدەکەن وەزیری تەندروستی و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لێکۆڵینەوەی ورد و بەپەلە لە کەیسەکەیان بکەن.

یوسف عەلی، بەرێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەکە لە بەرامبەر ئەوەدا دەڵێت: پێمباشە خانەوادەی منداڵەکە لە رێگەی دادگاوە بەدوای ھۆکار و کەمتەرخەمی منداڵەکە و حەقیانەوە بچن، ئێمەش پشتگیریان دەکەین.

نەخۆشخانەی شەھید شەوکەت لە سەیدسادق، تاکە نەخۆشخانەی گشتی قەزاکەیە و 120 ھەزار ھاوڵاتی سوودی لێ وەردەگرن، مانگانە نزیکەی پێنج ھەزار سەردانیکاریان ھەیە، ئەوەش بەپێی کارگێڕی نەخۆشخانەکە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق