لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەماهەنگی هەیە

دەروازە سنوریەکان: قاچاخچیەتی کەمبووەتەوە، بۆیە داهات زیادی کرد

ئەحمەد مستەفا

عومەر وائلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێ، بەهۆی تووندوتۆڵکردنی رێکارە چاودێرییەکان و بەهێزکردنی کۆنترۆڵکردنی مەیدانی، دیاردەی قاچاخچێتی لە دەروازەکان رووی لە کەمبوونەوە کردووە و ئەمەش رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر بەرزبوونەوەی داهاتەکان هەبووە.

وائلی، بە ئاژانسی فەڕمی حکومەتی وتووە، سەرەڕای ئەوەی دەروازەکان رووبەڕووی هەوڵەکانی قاچاخچێتی بە شێوازی جیاواز دەبنەوە، بەڵام بە گرتنەبەری رێکاری تووند، ئەو هەوڵانە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە.

سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان،جەختی کردەوە کە دەستەکە کۆمەڵێک میکانیزمی بۆ سنووردارکردنی قاچاخچێتی پەسەند کردووە،دیارترینیان بریتییە لە رێکارەکان و کاراکردنی سیستەمی چاودێری و کامێراکانی چاودێری، هەروەها چڕکردنەوەی وردبینی و پشکنینەکان.

تەواوکردنی پرۆسەی بەدیجیتاڵکردن و یەکخستنی رێکارەکان و کاراکردنی تاک پەنجەرە، رۆڵێکی گرنگی لە کەمکردنەوەی گەندەڵی و بەرزکردنەوەی توانای کارمەندان و خێراکردنی رایکردنی مامەڵەکاندا هەبووە، ئەمەش ستراتیژییەکی هەمەلایەنەیە بۆ هاوسەنگکردن لە نێوان ئاسانکاری بازرگانی و پاراستنی ئابووری نیشتمان.

سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، وائلی وتی، هەماهەنگی بەردەوام لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە لە رووی بەڕێوەبردنی دەروازەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ڕێکار و چاودێرییەکان.

وائلی ، هۆشداریدا لەوەی کە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان،و چەک،و کاڵا قەدەغەکراوەکان، مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و ئابووری.