زانکۆی چەرمۆ لە چەمچەماڵ. فۆتۆ: 964+
خوێندکارانی زانکۆی چەرمۆ بێ جێگەو رێگەن
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
زیاتر لە چوار ساڵە پرۆژەیەک بۆ فراوانکردنی رووبەری زانکۆی چەرمۆ لە چەمچەماڵ وەستاوە و زانکۆکە کێشەی کەمی تاقیگە و هۆڵی خوێندنی هەیە.
کۆمپانیای کۆسرەت کە جێبەجێکاری پرۆژەکەیە دەڵێت، نزیکەی 800 ملیۆن دیناریان لەلای حکومەتە، هەتا ئەو پارەیەیان نەدەنەوە دەستناکەنەوە بە کارکردن لە پرۆژەکە.
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیاکە بە 964ی راگەیاند، “نزیکەی 700 بۆ 800 ملیۆن دینار قەرزمان لای حکومەتە، پێویستە حکومەتی هەرێم نزیکەی سێ ملیار دینارمان بۆ خەرج بکات، 800 ملیۆنی قەرزی خۆمانی لێهەڵدەگرین و ئەو بڕە پارەیەی دیکە بینای زانکۆکەی بە مۆدێرنترین شێوە پێتەواودەکەین”.
کۆمپانیاکە لە ساڵی 2012 دەستی بە کارکردن لە پرۆژەکە کردووە و ماوەی 600 رۆژ بۆ تەواوکردنی دیاریکراوە، بەڵام لە ساڵی 2014 کارکردن لە پرۆژەکە راگیراوە و لە ساڵی 2018 بۆ ماوەی نۆ مانگ کاریتێدا کراوە و دوو بارە راگیراوەتەوە.
د. بڕیار ئەحمەد ڕاگری کۆلێژی زانست و یەکێک لە دەستەی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری زانکۆی چەرمۆ بە 964ی وت، “زانکۆکەمان کێشەی کەمی بینا و تاقیگە و هۆڵی خوێندنی هەیە، بەپاساوی قەیرانی دارایی کارکردن لە بەشێک لە کەمپی زانکۆکەمان راوەستاوە و هەرچەند ئەو بینایەی تەواونەکراوە زیاد لە سەدا 80 کەرەکانی تەواو بووە و لە ئێستادا بەنزیکەی ملیارێک بۆ ملیار و نیوک دیناری پێویستە”.
پێشتر بەشێک لەو کەسانەی کە کەرەستە و پێداویستی بیناکەیان دابینکردووە و کاریان بۆ کۆمپانیای کۆسرەت کردووە، لە دادگای سلێمانی و چەمچەماڵ سکاڵایان تۆمارکردووە لەسەر کۆمپانیا، بەهۆی پێنەدانی شایستەدارایەکانیان.
کۆمپانیاکە لە ئێستادا بە سوڵح ئەو کەسانەی رازیکردوە کە سکاڵاکانیان بکشێننەوە بۆ ئەوەی حکومەت کێشە بۆ کۆمپانیاکە دروست نەکات و بودجەی پێویستیان بۆ دابینبکات.
زانکۆی چەرمۆ لەساڵی 2014 دامەزراوە و لە ئێستادا زیاد لە 1500 خوێندکاری هەیە، لە سێ کۆلێژ و 13 بەش و دوو سەنتەری توێژینەوە و زمان پێکهاتوە.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر