لە رۆژدا قەرەباڵغی دروست دەکات

بۆچی لە شەودا بۆیاخی هێڵکاری شەقامەکانی هەولێر ناکرێت؟

964+

فەهمی نەبی

ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەشێکی شەقامی 60 مەتری هەولێر، بۆ چەند کاتژمێرێک قەرەباڵغی لە شەقامەکان دروستبوو، ئەمەش بەهۆی هێڵکاریکردن و بۆیاخکردنی شەقامەکە روویدا، هاوڵاتیان لە سۆشیال میدیا رەخنە لە کاتی جێبەجێکردنی دەگرن، هاوتوچۆی هەولێر وەڵام دەداتەوە.

هاتوچۆی هەولێر رۆژێک زووتر ئاگاداری هاوڵاتیانی هەولێری کردوەتەوە کە رۆژی چوارشەممە، بەشێکی شەقامی 60 مەتری بۆیاخی هێڵی جیاکەرەوەی بۆ دەکرێت.

بۆیاخکردنەکە لە شوقەکانی زانیاری تا بەرزە پردی یاریگای هەولێر بوو.

لەبارەی ئەو رەخنانەی لە سۆشیال میدیا لە کاتی ئەنجامدانی بۆیاخکردنەکە دەگیرێت فازڵ حاجی بۆ 964 وتی “مەرجە ئەو کاتەی بۆیاخەکە دەکرێت پلەی گەرمی شەقامەکە جێگیر بێت، ئێستا بەشەوان پلەی گەرمی نزمە بۆیە ئەگەر بەشەوان بۆیاخەکە بکەین شەقامەکە بۆیاخەکە ناگرێت”.

هاوکات فازڵ حاجی ئەوەش دەڵێت: لەوانەیە لە وەرزی هاوین شەوان ئەنجامی بدەین.
بەپێی زانیاری هاتوچۆی هەولێر پێشتر ئەو بۆیاخە کۆمپانیای تورکی ئەنجامیان دەدا، بەڵام ئێستا کۆمپانیای ناوخۆیی بەو کارە هەڵدەستێت.

ئەو بۆیاخەی لە شەقامەکان هێڵی جیاکەرەوەی پێ دروست دەکرێت، سەرەتا وەک تۆز دەهێنرێت، دواتر لەرێگای ئامێرێکەوە پلەی گەرمیەکەی دەگەیەنرێتە 220 پلەی سەدی، بۆ ماوەی چوار سەعات لەنێو کورە دەکوڵێندرێت.

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، پێویستە ئەو کاتەی بۆیاخەکە روودەکرێت شەقامەکە تەڕ نەبێت یان شێی نەبێت، هاوکات تا شەقامەکە پلەی گەرمتر بێت باشتر بۆیاخەکە دەگرێت.

شەقامی 60 مەتری هەولێر، لە ناوەڕاستی ساڵانی شەست دروستکراوە و لە ساڵی 2007 بە چەند قۆناغێک نۆژەنکراوەتەوە.