یەکێتی زانایان فەتوای لەسەر کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دا

+964

فەرمان سادق

لەسەر کڕینی ئۆتۆمبێل بە قیست لە کۆمپانیاکان، یەکێتی زانایانی ئیسلامی دەڵێ هەر مامەڵەیەک سێ لایەن تێیدا بەشدار بن، ئەوا لەڕووی شەریعەتی ئیسلامییەوە دروست نیە.

لە کوردستاندا کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە قیست دەمێکە بوونی هەیە، بەشێکیش لە کۆمپانیایەکان کاتێک ئۆتۆمبێلەکانیان بە قیست دەفرۆشن، کڕیار رەوانەی بانک دەکەن.

لەسەر ئەو پرسە، لە نوێترین فەتوایدا یەکێتی زانایانی ئیسلامی دەڵێ، وه‌ك ڕوونه‌ له‌ شه‌ریعه‌تی  ئیسلامدا گرێبه‌ست و مامه‌ڵه‌ی سێ‌ لایه‌نه‌ دروست نییه‌، چونكه‌ مامه‌ڵه‌ی شه‌رعی دوو ته‌ره‌فه‌یه‌ (البائع + المشتری) یان (المقرص+ المقترض)، بەڵام هه‌ندێك كومپانیا هه‌یه‌ كه ئۆتۆمبێل‌
بە قیست ده‌فرۆشن به‌ زیاتر له‌ نرخی كاش، كڕیاره‌كه‌ ده‌نێرن بۆ بانك وه‌ك لایەنی سێیه‌م له‌ مامه‌ڵه‌كه‌دا، بەڵام بانك ئۆتۆمبێلەكه‌ی نه‌كڕیوه‌و نه‌بووەته‌ موڵكی، بەڵکو ته‌نیا پاره‌ی ئۆتۆمبێلە‌كه‌ لە جیاتی کڕیارەکە ده‌دات‌، لێره‌دا به‌و شێوه‌یه‌ دروست نیه‌، چونكه‌” وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ بانك پاره‌ی دابێت به‌قه‌رز و دوایی بۆخۆی به‌ زیاتر وه‌ریبگرێته‌وه‌و هیچ كاڵایه‌كی له‌م نێوه‌نده‌دا نه‌فرۆشتووه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی بووه‌ته‌ لایەنی
سێیه‌م كه‌ له‌ مامه‌ڵی شه‌رعیدا دروست نیە”.

یەکێتی زانایانی ئیسلامی؛ هەر گرێبەستێکی کڕینی ئۆتۆمبێل سێ لایەنە بێت دروست نیە

ئەو فەتوایەی یەکێتی زانایانی ئیسلامی لە کاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان ساڵانێکی زۆرە کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە قیست لەلایەن هاوڵاتیانەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت و دوو جۆری هەیە، بەشێک ئەوانەن کە ئۆتۆمبێلی سفڕ کیلۆمەتر لە کۆمپانیایەکان دەکڕن بەڵام پارەکەی لە یەکێک لە بانکەکان دەدرێت، ئەوەی تریش ئەو مەمڵەیەی لەنێوان دوو کەس دەکرێت کە فرۆشیار لە رێگەی پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل یان لە دەرەوەی پێشانگا، ئۆتۆمبێلەکەی بە قیست دەفرۆشێتە کەسێکی تر.

یەکێتی زانایان لە فەتوایەکەیدا دەرچەیەکی فیقهی دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی مامەڵەکە لەڕووی شەرعییەوە دروست بێت، دەڵێ ئه‌گه‌ر بانك ئۆتۆمبێلەکەی له‌ كۆمپانیا بکڕێت و ببێتە موڵكی خۆی به‌ته‌واوی، ئه‌و كات دروسته‌  بانك بیفرۆشێته‌وه بە  قیست یان کاش‌، چونكه‌ “له‌و كاته‌دا كاڵای فرۆشتووه‌ نه‌ك پاره‌ی به‌قه‌رز دابێت به‌ زیادەوە وەریگرێتەوە، ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵەیەش‌ له‌ فیقهی ئیسلامیدا پێی
ده‌وترێت (المرابحة) ومامه‌ڵه‌یه‌كی دروسته‌”.

یەکێتی زانایان لە فەتوایەکەیدا کە ٢٠ـی ئەم مانگە لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، باس لەوەش دەکات کە ئه‌گه‌ر کڕیار ئۆتۆمبێلەکەی به‌ قیست كڕی بۆ ماوەی شەش ساڵ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ساڵێك زووتر ته‌واوی
پاره‌كه‌ی بداته‌وه‌، بانكه‌كه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ پاره‌كه‌ی خۆی خۆش ‌بێت، ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ش دروست نییه‌، دەڵێ؛ چونكه “(ئه‌گه‌ری) تێدایه،‌ گرێبه‌ستیش نابێت له‌سه‌ر ئه‌گه‌رو فه‌رزیات بونیات بنرێت، جگە لەمە ئه‌و بڕه‌ قیسته‌ی كه‌ بانكه‌كه‌ لێی خۆش ده‌بێت له‌ به‌رانبه‌ر ماوەکەدا‌ كه‌ پێشده‌خرێت به‌شێكه‌ له‌سوو (ریبا) ئەمەش حه‌رامه.

زیاتر وتی “ئه‌م مامه‌ڵه‌یه، لەناو خۆیدا دەبێتە‌ دوو مامه‌ڵه‌ له‌ یه‌ك مامه‌ڵه‌دا، پێغه‌مبه‌ری ئازیزیش (درودی خوای لەسەر بێت) رێگری كردووه‌ له‌ ئه‌نجامدانی دوو مامه‌ڵه‌ له‌ یه‌ك مامه‌لّه‌دا”.

یەکێتی زانایان بۆ ئەمەش دەرەچەیەک دەخاتەڕوو، دەڵێ ئه‌گه‌ر لە مامه‌ڵه‌كەدا‌ ئەو ‌مه‌رجە نەنووسرێت، دوای مامەڵە‌‌ فرۆشیار بە کڕیارەکە بڵێت ئه‌گه‌ر زووتر قه‌رزه‌كه‌م پێبده‌یته‌وه،‌ ئه‌وه‌نده‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ت لێ خۆش ده‌بم، ئه‌وا “به‌شێك له‌ زانایانی شه‌رع رێگه‌یان پێداوه‌و ده‌كرێت له‌سه‌ر رای ئه‌وان له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆمادا كاری پێ بكرێت”.