شووتی ئێرانی بازاڕی تەنیوە
شووتی خۆمانە کەی پێدەگات؟
964+
فەرمان سادق
لەگەڵ ئەوەی نرخی کیلۆی شووتی لە دوای جەژنی رەمەزانەوە زۆر هەرزان بووە، بەڵام هێشتا شووتی خۆمانە پێنەگەیشتووە.
رەجەب عەزیز، سەرۆکی ئەنجومەنی عەلوەی هەولێر بە 964ـی وت، باشترین شووتی بادینان، شووتی گوندی چەمەیە کە دەکەوێتە سەر زێی گەورە لە سنووری ناحیەی روڤیێ، بەرامبەر دەڤەری زرارەتی.
شووتی چەمەکە لە 15ـی مانگی داهاتووە بەرهەمەکەی پێدەگات و دەگاتە بازاڕەکان.
هەرچی لە سنووری پارێزگای هەولێرە بە قسەی رەجەب عەزیز، سەرۆکی ئەنجومەنی عەلوەی هەولێر بێت، باشترین شووتییەکەی هی گوندی گاینجە کە لە 15ـی حوزەیرانی داهاتوو بەرهەمەکەی پێدەگات و دەکەوێتە بازارەوە.
پەیوەند بە سنووری پارێزگای سلێمانی، شووتی شارەزوور بەناوبانگترینە.
کاتێک شووتی شارەزوور پێدەگات لە 15ـی تەمووزی داهاتوو، ئەوا بەرهەمی شووتی باشری عێراق نامێنیت و ئەوەی بادینانیش روو لە کەمبوونەوە دەکات.
لە ئێستادا بە قسەی رەجەب عەزیز، سەرۆکی ئەنجومەنی عەلوەی هەولێر بێت، ئەو شووتییەی لە بازاڕ هەیە، شووتی ئێرانییە و لە عەلوە نرخەکەی بە کۆ لەنێوان 200 بۆ 300 دینارە و لە بازاڕیش کیلۆی بە 400 بۆ 550 تاوەکو 600 دینارە.