منداڵانی نەخۆشخانەی هیوا دڵخۆش دەکرێن

964+

رێژوان مامە – سلێمانی

رۆژانە منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا له‌لایه‌ن سێ ژنه‌وه‌ دڵخۆش دەکرێن، به‌قسه‌ى ئه‌وان به‌هونه‌رو زانستى ده‌روونى كه‌شێكی ئارامیان بۆ ده‌ڕه‌خسێنن.

ماوەی 10 ساڵە هەموو بەیانیانییه‌ک تا ئێوارە، سێ ژن كه‌ سەر بە رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانن، یەکێکیان به‌ وێنەکێشان و دوانه‌كه‌ی تریش كه‌ پسپۆڕی دەروونین لەگەڵ منداڵەکانی نەخۆشخانەی هیوا کاتەکانیان بەسەردەبەن و دڵخۆشیان دەکەن.

نوور سابر، توێژەری دەروونی بە 964ـی وت، هونەر و زانستی دەروونیمان تێکەڵکردووە تا کەشێکی ئارام بۆ منداڵەکان دابین بکەین.

به‌قسه‌ى ئه‌وان، جگە لە وێنەکێشان و کاری دەستی، ئەوان چالاکی گۆرانی و میوزیک لە لایەن هونەرمەندانەوە بۆ منداڵەکان رێکدەخەن و دیاری دەدەن بە منداڵەکان. ساڵانەش پێشانگای تایبەت بە وێنە و کارە دەستییەکانی منداڵانی توشبووی شێرپەنجە دەکەنەوە.

نوور سابر وتیشی “لەناو منداڵەکاندا بەهرەمەندی زۆرى تێدایە کە دەتوانن وێنەی زۆرباش بکێشن و کاری دەستیش به‌ جوانترین شێوه‌ دروست بکەن”.

964 ده‌زانێت، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ساڵی 2022 دا لە نەخۆشخانەکە وەک تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون، 212 منداڵن.

زەردەشت بەکر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجەی منداڵان لە نەخۆشخانەی هیوا بە 964ـی وت “ئەو ژنانە جگە لە کار و چالاکییەکانیان بەردەوام یارمەتی پزیشكەکانیش دەدەن بۆ ئەوەی بە ئاسانی خێزانی منداڵەکە ئاگاداربکەنەوە لە تووشبوونی منداڵەکەیان لە نەخۆشییەکە و هەروەها یارمەتی دایک و باوکەکەش دەدەن و لایەنی دەروونیان ئارام دەکەنەوە”.