دەست بە کارکردن دەکەنەوە

بەنزین بۆ سلێمانى دابین دەکات؛ خاوەنی فۆکس گروپ هۆکاری راگرتنى کارەکانیان روون دەکاتەوە

دیلان محەمەدجەزا- سلێمان

خاوەنی کۆمپانیای فۆکس گروپ، کە بەرهەمهێنەری بەنزینی نۆرماڵە بۆ پارێزگای سلێمانی، رایدەگەێنێت کە کارەکانیان نەوەستاندووە، بەڵام بۆ ماوەیەک راگرتنی دابەشکردنی بەنزین وەک فشارێک بووە دژی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست لەسەریان.

سەردار حاجی خالید، خاوەنی فۆکس گروپ بۆ بازرگانى و گواستنەوەى بەرهەمە نەوتییەکان ئاشکرای کرد، لە ئەمڕۆوە دەست دەکەنەوە بە خستنەڕووی بەنزین بۆ بازاڕ بەم شێوەیەش زانیارییەکانى بۆ 964 خستەڕوو:

یەکەم: کۆمپانیاکەیان نەفتا بە نرخی پاڵپشتیکراو وەرناگرێت، بەڵکو بە نرخی بازرگانی وەریدەگرێت. بۆیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ئاستی جیهاندا، نرخی بەنزینیش لە لای ئەوان بەرز دەبێتەوە.

دووەم: ئەگەر بەنزین بە 850 دینار بفڕۆشن زەرەر دەکەین، بۆیە نرخەکەی دەکەنە 980 دینار.

سێیەم: لە ئێستادا کاتی سیانەکردنی ئامێرەکانیا نەهاتووە،لە کاتی سیانەکردندا کوالێتی دادەبەزێت و بەرهەم کەم دەکات، بەڵام بەهۆی زەختی سەر کۆمپانیاکە لەلایەن بەنزینخانەکانەوە نەیانتوانیوە پرۆسەی سیانەکردن ئەنجام بدەن.

خاوەنی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان بەنزینی نۆرماڵ بە ئۆکتانی 92 دەنێرنە بازاڕ، بەڵام لە بازاڕدا ئۆکتانەکەی بەرز دەکرێتەوە بۆ 93.5. بەڵام وەک دەڵێت: تێکەڵکردنی ھەر ماددەیەک لە لایەن بەنزینخانەکانەوە، پەیوەندی بە کار و بەرپرسیارێتی کۆمپانیاکەی ئەوانەوە نییە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح