وەزارەتی سامانە سروشتییەكان؛ ١٣٤ هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە

قۆناغی دووەمی دابەشكردنی نەوتی سپی دەستپێ دەكات

+964

زینوێ راوی

لەگەڵ ئەوەی هێستا قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی نەوت کۆتایی نەهاتووە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دابەشکردنی قۆناغی دووەمی نەوتی راگەیاند.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێ، پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەردەوامە و دوای تەواوبوونی قۆناغی یەكەم لە ناوچە شاخاوییەكان راستەوخۆ قۆناغی دووەمی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ناوچەكانی دەورووبەری شارەكاندا دەستپێ دەكات و، دواتریش نەوت لەناو سەنتەری شارەکاندا دابەش دەکرێت.

ئەوەی سەرەوە قسەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە کە لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لە راگەیاندراوەكەیدا دەڵێ؛ تا ٢٠ـی ئەم مانگە، بڕی ٢٨ ملیۆن و ٥٦٠ هەزار و ٢٤٣  لیتر نەوت دابەشكراوە، لەو بڕەش ٢٦ ملیۆن و٨٤٨ هەزار و٨٠٠  لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی ناوچە شاخاوییەكان دابەشكراوەو، ١٣٤هەزارو٢٤٤ خێزان لێی سوودمەند بوونە.

ئ+964 دەزانێت، سەرجەمی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوتی ٢٠٠ لیتری بەرکەوێت، ئەوا پێویستی بە ٢٧٠ ملیۆن لیتر نەوتە.

بۆ ئەمساڵ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی لە کوردستان بڕیاریدا لە قۆناغی یەکەمدا نەوت بەسەر ناوچە شاخاوییەکاندا دابەش دەکرێت، دواتریش دەوروبەری شارەکان و پاشان سەنتەری شارەکان.