لە 18 هەزار گەشتیار تەنیا 79ـیان لە گەرمیان جەژنیان کردووە

964+

هونەر فارس – کەلار

لەکۆی زیاد لە 18 هەزار گەشتیار کە بەناو بازگەکانی سنوری گەرمیاندا تێپەڕیون تەنیا 79ـیان گەشتیان لە گەرمیان کردووە.

بەگوێرەی ئاماری گەشتوگوزاری گەرمیان، لە ماوەی سێ رۆژی جەژنی رەمەزاندا زیاد لە 18 هەزار گەشتیار لە بازگەکانی گەرمیان تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش تەنیا 79 گەشتیاریان لە ئۆتێل و مۆتێلەکان گەرماین ماونەتەوە و ئەوانی دیکە روویان لە شوێنە گەشتیاریەکانی شارەکانی دیکە کردووە.

ئەوەی وایکردووە گەشتیار لە گەرمیان نەمێننەوە بە قسەی ئەنوەر عەبدولقادر، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری گەرمیان بێت، بۆ کەمی پڕۆژەی گەشتیاری دەگەڕێتەوە.

ئەنوەر عەبدولقادر، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری گەرمیان دەشڵێت: چەند جارێک داوامان لە دەستەی وەبەرهێنان کردووە کە سەرمایەداران هان بدەن لە گەرمیان پڕۆژەی گەشتیاری ئەنجامبدەن، بەڵام بەدەم داواکاریەکانی گەشتوگوزارەوە نەهاتوون.

پیداچوونەوە: فەرمان سادق