ناوچەی گەشتیاری سەرچنار لە سلێمانی - وێنە: 964
پارەکە چووەتە گیرفانی کاسبکاران
گەشتوگوزاری سلێمانی: داهاتی گەشتیارانی جەژن 10 ملیۆن دۆلار بووە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
نزیکەی 100 هەزار گەشتیار لە دوو رۆژی پێش جەژنی رەمەزان و رۆژانی جەژندا هاتوونەتە پارێزگای سلێمانی، گەشتوگوزاری شارەکەش دەڵێت، داهاتەکەی 10 ملیۆن دۆلار بووە.
ئارام شوانی، وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی بە 964ی راگەیاند، مەزەندە دەکەن هەر گەشتیارێک زیاتر لە 100 دۆلاری خەرجکردبێت بۆ مۆڵ، چێشتخانە و كەپرە گەشتیارییەكان.
“ئەگەر هەر گەشتیارێک 100 دۆلار خەرجییەکەی بووبێت، کە بەدڵنیاییەوە زیاتر بووە لەو پارەیە، ئەوا داهاتەکەی نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار بووە و تەنیا کاسبکارانی سلێمانی سوودمەند بوون لەم داهاتە”، ئارام شوانی وای وت.
بە رێژەی 90٪ی گەشتیارەکان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە چوونەتە سلێمانی و ژمارەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە.
“ساڵی پار سێ مانگی سەرەتا، 250 هەزار گەشتیار هاتبوون، ئەمساڵ سێ مانگی سەرەتا 460 هەزار هاتوون،” وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی وای وت.