ئاگر لە کەمپی چەمشكو کەوتەوە
زەید کۆچەر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە كەمپی چەمشكو كەوتەوە و خێمەیەكی ئاوارەكان سووتا و هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتەوە
ئاگرەكە ئەمڕۆ سێشەممە كاتژمێر 7:00ی بەرەبەیان روویداوە.
ئەڤیندار عیزەت بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی زاخۆ بە 964ی وت، دوای چەند خولەكێك تیمەكانی بەرگری شارستانی زاخۆ گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرەكە و كۆنترۆڵیان كردووە.
وادیارە ئاگرەكە بەهۆی شۆرتی كارەباوە روویدابێت، لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستیپێكردووە و تا ئێستاش زیانە ماددیەكان نەخەمڵێنراون.
كەمپی چەمشكو دەكەوێتە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، نزیكەی دوو هەزار ئاوارەی ئێزیدی تێدا نیشتەجێكراوە و كەمپەكە لەژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكاندایە.
ئەڤیندار عیزەت، بەڕێوبەری راگەیاندنی بەرگری شارستانی زاخۆ بە تۆڕی964ی راگەیاند، لە ساڵی 2023 پێنج حاڵەتی سوتانی خێمەكان لە كەمپی چەمشكو تۆماركراوە
دوای رووداوەكانی ساڵی 2014ـی عێراق و كەوتنی موسڵ ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتی عێراق ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون كە ژمارەیان بە دوو ملیۆن ئاوارە دانراوە و لەو ژمارەیەش تا ئێستا نیوەیان گەڕاونەتەوە شوێنەكانی تر.
پێداچوونەوە: كوردستان ئەحمەد